دادگەی فیدراڵی تاوتوێی 14ـیەمین سکاڵا لە دژی قەدەخەکردنی خواردنەوە کحولییەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵای ژمارە 14ـی دژ بە قەدەخەکردنی خواردنەوە کحولییەکان کۆدەبێتەوە، کە لەدژی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمارکراوە.
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی، بڕیارە ئەمڕۆ (سێشەممە، 20ـی ئابی 2024) دادگەی فیدراڵی بۆ سکاڵایەک کۆببێتەوە، کە لەلایەن هەریەک لە ویسام عەرەب خدێدا و دەحام حازم عەلی لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و دوو مادەی یاسای داهاتەکانی شارەوانیی ساڵی 2023ـی عێراق تۆمارکراوە.
سکاڵاکاران داوا لە دادگەکە دەکەن مادەکانی 2 و 14ـی یاساکە کە تایبەتن بە خواردنەوە کحولییەکان و سزاکانی هەڵبوەشێندرێتەوە.
یاساى داهاتى شارەوانییەکان لە ساڵى 2016 لە پەرلەمانى عێراق پەسند کرا، بەڵام لە 20ـی شوباتى 2023 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە و چووە وارى جێبەجێکردنەوە.
سکاڵاکاران لە سکاڵاکەیاندا سەرۆکی پەرلەمانیان بە پێشێلکردنی شەش مادەی یاسایی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان تۆمەتبار کردووە، ئەوانیش 130، 131، 134، 135، 136، 137ـن.
جۆزێف سڵێوە، پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق کە پێشتر لە دژی یاسای داهاتی شارەوانییەکان سکاڵای تۆمارکردبوو و لەلایەن دادگەی فیدراڵی سکاڵاکەی رەتکرایەوە، بە رووداوی گوت "ناتوانین بڵێین دادگە ئەم سکاڵایەش رەتدەکاتەوە یان بڕیاری رەتکردنەوەی ئەو بڕگانە دەدات، کە سکاڵای لەبارەوە تۆمارکراوە، بەڵام بەگشتی بابەتی خواردنەوە کحولییەکان سیاسییە، لە هەندێک شوێن ئەو بابەتە جێبەجێ دەکرێت، لە هەندێک شوێنیش جێبەجێ ناکرێت."
لە مادەی 14ـی یاسای داهاتی شارەوانییەکان کە مشتومڕی زۆری لەسەرە هاتووە "هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە قەدەخە دەکرێت." ئەم یاسایەش بەتایبەت لایەن پەیڕەوانی ئایینەکانی ئێزدی و کریستیانەکانەوە ناڕەزایی زۆری لەسەرە.
بڕگەی دووەمی ئەو مادەیەش سزای بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە، پێچەوانەی ئەو دەقە کاردەکەن و پێبژاردنى دارایی دیاریکراوە، کە لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 25 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.
ساڵى رابردوو 12 سکاڵا و ئەمساڵ سکاڵایەک کە لە دژی یاسای داهاتی شارەوانییەکانی عێراق تۆمارکرابوون، لەلایەن دادگەی فیدڕاڵییەوە رەتکرانەوە، 12یان دوای یەکخستنیان لە 27ـی ئابى 2023 بەپاساوى ئەوەى دەرکردنى ئەو یاسایە "نادەستوورى" نییە، رەتکرانەوە، سکاڵای 13یەمیش رۆژی 5ـی ئایاری ئەمساڵ رەتکرایەوە.