رووداو دیجیتاڵ
لە چواڕیانێکی قەرەباڵخی شاری بەغدا لەسەر شاشەیەکی زەبەلاحی تەلەڤزیۆن ڤیدیۆی نەشیاو پێشاندرا. وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند شاشەکە هاککراوە، هاککەرەکەش دەستگیرکراوە.
درەنگانی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، گرتە ڤیدیۆیەکی دوور لە بەھا رەوشتییەکانی کۆمەڵگە لەسەر شاشەیەکی رێکلام لە شەقامی عوقبە بن نافیع پەخشکرا، ھەر زوو وەزارەتی ناوخۆ راگەێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند بەشێک لە شاشەکانی بەغدا ھاککراون و دوای نۆ کاژێر ھێزە ئەمنییەکان توانیان ھاککەرەکە دەستگیر بکەن.
بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆی شەوی رابردووی شاشە رێکلامییەکەی گۆڕەپانی عوقبە هەر زوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی و لە تۆڕی ئێکس (تویتەری پێشوو) بووە ترێند، دواتر راگەیێندرا کە بەهۆی هاککردنی شاشەکەوە بووە.
جەواد كەعبی، چاڵاکڤانی سڤیلە دەڵێت، "سەرکۆنەی ئەوکارە بەدڕەوشتییە دەکەین کە ڤیدیۆی دوور لە بەھا رەوشتییەکان بەشە و لە شاری بەغدا پەخشکراوە، داوا لەلایەنی پەیوەندیداریش دەکەین، رێوشوێنی تووند و بەپەلە بگرێتەبەر."
سەلام جەبار، شوفێرە و دەڵێت،"داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین پارێزگاری لە کۆمەڵگەی عێراقی بکات، بەتایبەت ھەرزەکاران، چونکە ئەم کارە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ھەرزەکاران دەبێت."
دوای رووداوەکە، وەزارەتی ناوخۆ دەستبەجێ تەواوی شاشەکانی بەغدای کوژاندەوە و لیژنەیەکی بۆ بەدواچوون راسپارد، لیژنەکە کاژێر 2:30 خولەکی بەرەبەیان سەرەداوێکی دەستکەوت، دوای لێکۆلینەوە لەگەڵیدا، ئەندازیاری شاشەکانی کۆمپانیا میدیاییەکە بە لیژنەکەی گوتووە شاشەکانیان هاککراوە."
فارس سەعید، فەرمانبەرە و دەڵێت، "بێگومان کاریگەرییەکەی نەرێنی دەبێت، بەتایبەت لەسەر منداڵ و ھەرزەکاران، پێویستە لەسەر ھەموو خەڵک ئەم چینە ھۆشیار بکاتەوە."
پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، لیژنەکە لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی تۆمەتباری رووداوەکەی راگەیاند و گوتی تۆمەتبار(ک. ح. ) دانی بەوەدا ناوە کە ئەو کارەکەی کردووە و هۆکارەکەشی بۆ کێشەی پارە لە نێوان خۆی و خاوەنی کۆمپانیاکە گەڕاندووەتەوە.
دوای رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکانی بەغدا رێوشوێنی تووندی ئەمنییان لە شوێنی رووداوەکە گرتەبەر و بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ تەواوی شاشەکانی رێکلام لە شارەکە کوژێندرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ