ئامادەكاری بۆ هەڵدانەوەی دوو گۆڕە بەكۆمەڵەكەی دیكەی سەماوە دەكرێت

20-08-2019
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن سەماوە
A+ A-


رووداو - هەولێر

بۆ هەڵدانەوەی دوو گۆڕەبەكۆمەڵەكەی دیكەی سەماوە، كۆبوونەوەیەك لەنێوان دەزگای شەهیدانی عێراق ‌و وەزارەتی كاروباری شەهیدان ‌و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامادەكارییەكان بۆ هەڵدانەوەی دوو گۆڕەبەكۆمەڵەكەی دیكەی سەماوە بەردەوامە‌ و لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە كۆبوونەوەیەك لەنێوان دەزگای شەهیدانی عێراق ‌و وەزارەتی كاروباری شەهیدان ‌و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان ‌و پزیشكی دادیی عێراق بكرێت بۆ ئەوەی ئامادەكارییەكی بێ‌ كەموكوڕی بۆ هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە بكرێت بەدیاریكراوی روون نییە كەی كۆبوونەوەكە دەكرێت، بەڵام بڕیاری كۆبوونەوەكە دراوە. 

گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان باسی لەوەش كرد: هێشتا دیار نییە چەند رووفات لە‌و دوو گۆڕە بە كۆمەڵەی سەماوەدا هەیە، چونكە وەك گوتی "گۆڕەی بە كۆمەڵەی یەكەم پێشبینی 80 بۆ 100 روفاتمان دەكرد، بەڵام دوای هەڵدانەوە دەركەوت 171 رووفاتی تێدایە، بۆیە تاوەكو پڕۆسەی هەڵدانەوە دەستپێنەكات نازانین چەند رووفاتیان تێدایە".

هەروەها سیروان جەلال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ‏لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ‏بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو ‏شاندێکی دەزگای شەهیدانی عێراق سەردانی هەولێر دەکات، ‏بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی هەڵدانەوەی گۆڕە ‏بەکۆمەڵەکانی شنگال و سەماوە، کە بڕیارە مانگی داهاتوو کار ‏لەسەر هەڵدانەوەی بەشێک لەو گۆڕانە بکرێت.‏

لە سنووری پارێزگای سەماوە چەند گۆڕێکی بە كۆمەڵەی ئەنفالكراوەكانی كوردستان هەیە ‌و تاوەكو ئێستا سێ گۆڕی بە كۆمەڵ لەو سنوورە دۆزراونەتەوە ‌و تەنیا گۆڕێكیشیان هەڵدراوەتەوە كە 171 رووفاتی تێدابوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە