عێراق مووچەی شەهیدانەی زیاتر لە 27 هەزار کەس رادەگرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق مووچەی شەهیدانەی زیاتر لە 27 هەزار کەسی راگرتووە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان دەکات. سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق دەڵێت، لە ئەنبار زیاتر لە 1000 مووچەی شەهیدانەی وەهمی ئاشکرا کراون.
 
عەبدولئیلاهـ نائیلی، سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، بە بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەک پکهێندراوە لێکۆڵێنەوە لە دۆسیەی مووچەی شەهیدان دەکەن، دوای ئەوەی زانیارییان "بەدەستگەیشت کەسانی تیرۆریست مووچەی شەهیدانەیان هەیە، هەروەها هەندێک لە مامەڵەکان ساختەن و بە بەرتیل رایی کراون."
 
سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق گوتی، "لە ئەنجامی ئەو کارەدا نزیکەی 27 هەزار و 770 مووچەی شەهیدان راگیراون؛ دۆسیەکانیان وردبینی تێدا دەکرێ کە زۆرترینیان لە پارێزگای ئەنبارن."
 
مووچە راگیراوەکان بەگوێرەی پارێزگاکان بەم جۆرەیە: ئەنبار 26 هەزار و 790، بەسرە 18، دیوانیە 236، سەماوە 6، نەجەف 3، بابل 73، بەغدا 247، دیالە 158، زیقار 3، سەلاحەدین 83، کەربەلا 7، کەرکووک 38، نیسان 9، نەینەوا 82 و واست 17.
 
عەبدولئیلاهـ نائیلی دەڵێت، "هیچ کەسێک مافی نافەوتێ. هەر کاتێک لیژنەکە وردبینی تەواوکرد و دەرکەوت مامەڵەکان دروست و بێ کێشەن، مووچە راگیراوەکانیان پێکەوە بۆ خەرج دەکرێت."
 
بە گوتەی سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق، "تەنیا لە ئەنبار هەزار و 15 ناوی وەهمی و ساختە ئاشکرا کراون."