سوودانی داوادەکات باڵیۆزی سوێد عێراق جێبهێڵێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا باڵیۆزی سوێد عێراق بەجێبهێڵێت و هەڵسوڕێنەری کاروباری عێراقیش لە باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم بکشێتەوە.
 
رۆژی 20-07-2023 باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد، هەڵسوڕێنەری کاروباری عێراق لە باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد بکشێنێتەوە. هەروەک داوا لە باڵیۆزی سوێد دەکات خاکی عێراق بەجێبهێڵێت، ئەوەش لە وەڵامی ئەوەی حکومەتی سوێد دووبارە رێگەی داوە بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز و سووکایەتییکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و سووتاندنی ئاڵای عێراق. 
 
رۆژی 28ـی حوزەیرانى رابردوو، سەلوان مۆمیکا، کە پەنابەرێکی تەمەن 37 ساڵانی عێراقییە لە سوێد، لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند. 
 
سەرەڕای ناڕەزایەتیی موسڵمانانی جیهان، حکومەتی سوێد جارێکی دیکە رێگەی بە مۆمیکا و هاوڕێیەکی داوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆپییەکی دیکەی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم بسووتێنن.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لایەنگرانی رەوتی سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و بەشێکان سووتاند و دواتر کشانەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 20-07-2023 وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا رایگەیاند، "ئەوەی روویداوە بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵکردن نییە و حکومەتیش بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی دەکات".
 
تۆبیاس بیڵسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوێد لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت "بەگوێرەی پەیماننامەی ڤیەننا، بەرپرسیاریێتیی بەرپرسانی عێراقە پارێزگاری لە باڵیۆزخانەکان و دیپلۆماتکارەکانی بکەن".
 
سوێد دەڵێت، ستافی باڵیۆزخانەکەیان سەلامەتە بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە دەربارەی زەرەر و زیانەکانی هێرشەکە ئاشکرا بکات.