سوودانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا رێکدەخات

رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر ئەو هێرشە رێکخستووە کە کرایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا".
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 20-7-2023) خۆپیشاندەرانی لایەنگری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و سووتاندیان، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی سوێد رەزامەندییان داوە ئەمڕۆ، قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد، بسووتێنرێن.
 
ئەحمەد سەحاف لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا رایگەیاند "داوا لە هاووڵاتییان دەکەین پەنا بۆ تووندوتیژی نەبەن و بە هێرش و پەلامار، گرفتەکان چارەسەر نابن"، دەشڵێ "دڵنیاییمان دا بە باڵیۆزخانەی سوێد کە پارێزراو دەبن".