کچێکى عێراقى لە ئێران گیان لەدەستدەدات و باوکى دەڵێت لەسێدارە دراوە
رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییەکى پارێزگاى زیقار لە بانگەوازێکدا دەڵێت، کچەکەى لە ئێران لەسێدارەدراوە تەرمەکەشى نادەنەوە. بەڕێوەبەرى نووسینگەى مافى مرۆڤى ئەو پارێزگایەش دەڵێت لە سێدارە نەدراوە و بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە.
لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، پیاوێک لە پارێزگاى زیقار، کە وێنەى کچەکەى بەدەستەوەیە، بانگەوازێک دەکات و تێیدا دەڵێت "کچەکەم لە قۆناخى یەکەمى کۆلێژى پزیشکى بووە لە کۆمارى ئیسلامى ئێران و لەسێدارە دراوە، بەبێ ئەوەى تەرمەکەم بدەنەوە".
ئەو هاووڵاتیە ئاماژە بەوەدەکات هیچ بەرپرسێک لێى نەپرسیوەتەوە بۆ ئەو کێشەیە، سەرەڕاى تێپەڕبوونى دوو هەفتە بەسەر ئەو رووداوەدا.
ئەو کچە لە 18ـی حوزەیرانی ئەمساڵ گیانی لە دەستداوە، کە هاوکات بووە لەگەڵ جەژنى غەدیرى شیعەکان.
داخل عەبدولحوسێن، بەرپرسی نووسینگەى زیقارى کۆمیسیۆنى مافى مرۆڤى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: کچەکە ناوى ئوم بەنینە و باوکى ناوى حەیدەر سافیە-یە، لە رێگەى بەدواداچوونەکانمانەوە ئەوەمان بۆ روونبووەتەوە، کە لەسێدارە نەدراوە، بەڵکو لە جەژنى غەدیر لە ئێران چووەتە دەرەوە بۆ کڕینى پێداویستى و ئۆتۆمبێل لێیداوە، بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
بەگوتەى بەرپرسى نووسینگەى زیقارى کۆمیسیۆنى مافى مرۆڤ، 17ـی تەممووز تەرمى ئەو کچە گەڕێندراوەتەوە عێراق و بە خاکسپێردراوە.