قەیس خەزعەلی: جارێکى دیکە چنگى تورکیا جەستەى عێراقى بریندار کرد

20-07-2022
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمیندارى گشتى عەسائیبى ئەهلى حەق رایگەیاند، پێویستە حکومەتى کاربەڕێکارى عێراق و حکومەتی هەرێمى کوردستان بەرپرسیارێتى خۆیان هەڵبگرن لەپاراستنى گیانى هاووڵاتییانى مەدەنى. دەشڵێت، "جارێکى دیکە چنگى تورکیا جەستەى عێراقى بریندار کرد." 
 
قەیس خەزعەلی، ئەمیندارى گشتیى عەسائیبى ئەهلى حەق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەى رووداوەکەی تۆپبارانەکەی شارى زاخۆ رایگەیاند: "جارێکى دیکە چنگى تورکیا جەستەى عێراقى بریندار کرد و دەستدرێژی کردە سەر گەشتیارانی بێدەسەڵات لە هاوینەهەوارى پەرەخ لە شارى زاخۆ." 
 
قەیس خەزعەلى گوتی: "خوێنى کوژراوانى ئەو بۆردوومانە خاڵێکى ئابڕووبەرانە دەبێت لەسەر نێوچەوانى هێرشکاران و ئەوانەى بێدەنگن لە بەرانبەر دووبارەبوونەوەى ئەو هێرشانە یان لانیکەم ئەوانەى نەرمى دەنوێنن بۆى." 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 20-7-2022، موشیر بەشیر، قایمقامی زاخۆ بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دووجار تورکیا تۆپبارانی گوندی پەرەخی کردووە کە کەوتووەتە شوێنە گەشتیارییەکان." دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی قوربانیانی تۆپبارانەکەی سنووری زاخۆ بە رووداوی گوت، هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و 26 کەسیش برینداربوون.
 
قەیس خەزعەلی بەرپرسیارێتى پاراستنى هاووڵاتییان و سەروەریی خاکى عێراقى لە هێرشە دووبارەبووەوەکانی تورکیاى خستووەتە ئەستۆى حکومەتى عێراق و حکومەتی هەرێمى کوردستان، داوای لە پەرلەمانى عێراق کرد ئەرکى خۆى جێبەجێبکات بۆ رێگرى لە پێشێلکردنى سەروەریى عێراق بەبێ رەچاوکردنى هەر بەرژەوەندییەکى تەسکى هەر گرووپێک.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە