رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێک شەوی چوارشەممە 20-07-2022 گەیشتە گوندی پەرەخ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوەی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەو سنوورە روویدا و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک گەشتیاری عێراقی. رایگەیاند: بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لەنێو خاکی عێراق قبووڵ ناکرێت و تورکیا دەبێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رابگرێت و داوای لێبووردن لە گەلی عێراق بکات و قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و بریندارەکان بکاتەوە.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا شاندێکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بچنە شوێنی تۆپبارانەکەی گوندی پەرخی لە سنووری زاخۆ و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن.
ئێوارەی هەمان رۆژ شاندەکەی حکومەتی عێراق گەیشتە شوێنی رووداوەکە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە شوێنی رووداوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان دەکەین بەهۆی ئەو رووداوە ئازاربەخشە، ئەمە تاوانێکی گەورە و دوژمنکاریانەی ئاشکرایە بۆسەر گەلی عێراق."
بە گوتەی فوئاد حوسێن، بەپێی ئەو زانیاریانەی پێیان گەیشتووە: "تۆپبارانی ئەو شوێنە گەشتیارییە ئارامە بە تۆپهاوێژ لەلایەن تورکیاوە کراوە، ئەو گوندە گەشتیارییە جوانە بە چوار تۆپ کراوەتە ئامانج، بەهۆی ئەو کردەوە سەربازییە ترسنۆکانەیە ژمارەیەک کەس شەهید و برینداربوون، نۆ کەس شەهید بوون کە لەنێوانیان منداڵ هەیە، لەگەڵ برینداربوونی 31 کەسی دیکە."
وەزیری دەرەوە عێراق دەڵێت ململانێی نێوان تورکیا و پەکەکە کێشەیەکی نێوخۆییە و هەناردەی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە: "کێشەیەکی روون و ئاشکرا لە تورکیا هەیە لەنێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان. هەردوولا ململانێیەکانیان بۆ نێو خاکی عێراق گواستووەتەوە."
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە تورکیا کرد سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە خاکی عێراق رابگیرێت و داوای لێبووردن لە گەلی عێراق بکات و قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و برینداران بکاتەوە.
فوئاد حوسێن ئەوەی نەشاردەوە کە حکومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوە: سەرجەم رێکارە دیپلۆماسییەکان دەگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەو ئۆپەراسیۆنانە لەنێو خاکی عێراق.
بەبڕوای وەزیرە کوردەکەی حکومەتی عێراق: "پرسی بەرگریکردن لەخۆکردن ئەرکێكی یاسایی و بەشێکە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئەرکێکی یاساییە. حکومەتی تورکیا و سوپای تورکیا و هەندێک جار دەڵێن بەرگری لە خۆمان دەکەین، بەڵام تۆپبارانی گوندێکی ئارام و کوشتنی خەڵکی سڤیل و گەشتیار ئەمە نابێتە بەرگریکردن نییە لە خۆکردن."
فوئاد حوسێن پێیوایە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق: "پەیوەندییەکی مێژوویی و جوگرافی و ئابووری گرنگە، ئێمە بەردەوام و ئێستاش رێگەی دیالۆگ دەگرینەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئێستاش هەر رێگای دیالۆگ دەگرینەبەر بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان تورکیا و عێراق، بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەنێو خاکی عێراق قبووڵ ناکرێت."
فوئاد حوسێن داوای لە حکومەتی تورکیاش کرد ئەو ئۆپەراسیۆنانە رابگرێت، "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و ململانێی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، لە بنەڕەتدا ململانێیەکی نێوخۆییە و هەناردەی کوردستانی عێراق و عێراق کراوە. دەرئەنجامەکەشی کارەساتە بۆ سەر رۆڵەکانی گەلی عێراق."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ