داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکەی شاری سەدر راگەیاند

20-07-2021
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن بەغدا تەقینەوە داعش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوە خۆکوژییەکەی شەوی رابردوو لە بازاڕێکی قەرەباڵخی ناوچەی سەدر لە بەغدا راگەیاند، کە 30 کوژراو و 52 برینداری لێکەوتەوە.
 
رێکخراوی داعش لە کەناڵەکانی خۆی لە تێلیگرام رایگەیاند؛ "ئەندامێکی رێکخراوەکەمان کە ناوی (ئەبو حەمزەی عێراقی)یە بە پشتێنەیەکی بۆمبڕیژکراو هێرشەکەی بازاڕی وحێلاتی لە ناوچەی سەدر ئەنجامدا".
 
سەرچاوە ئەمنی و تەندروستییەکانی حکومەتی عێراق دەڵێن؛ ژمارەی قوربانییەکانی تەقینەوەکەی ناوچەی سەدر گەیشتە 30 کوژراو و 52 بریندار؛ حەوت منداڵیش لە نێو کوژراوەکاندان.
 
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان، کە بە یونیسێف ناسراوە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەو کارە قێزەونەی پێش جەژنی قوربان بیرهێنانەوەیەکی دڵتەزێنە سەبارەت بەو تووندوتیژییەی، کە منداڵان لە عێراق رووبەڕووی دەبنەوە".
 
هەر دوای تەقینەوەکە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و هەواڵگرییەکان کرد و بڕیاریدا ئەو فەرماندەی ئەرکی پاراستنی بازاڕەکەی ناوچەی سەدری لە ئەستۆ بوو، لە ئەرکەکەی دووربخرێتەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
 
بەپێی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ کازمی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند: "تیرۆر و یاخیبووانی ئەو سەردەمە شکستی خۆیان لە بەدەستهێنانی شوێنپێیەک سەلماند؛ ئەوەش بەهۆی ئەو گورزانەی کە لەسەر دەستی هێزە چەکدارە پاڵەوانەکانمان بەریان کەوتووە؛ بۆیە پەنایان بۆ دزەکردن و خۆدۆڕاندن برد لە رێگەی بە ئامانجکردنی هەڕەمەکی بێتاوانەکان، ئەوەش بەردەوام هەر لە ترسنۆکەکان دەوەشێتەوە".
 
تەقینەوەکەی بەغدا، کە رۆژێک بەر لە جەژنی قوربان بوو، کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
 
سەرۆک مەسعوود بارزانی لەبارەی تەقینەوەکە، ئەمڕۆ سێشەممە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەو تاوانە نیشانەی ئەوپەڕی بێویژدانی و نامرۆڤبوونی تیرۆریستانە." 
 
هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو لە پەیامێکدا رایگەیاند: "زۆر به‌ تووندی سه‌رکۆنه‌ی ئه‌و هێرشه‌ تیرۆرستییه‌ ده‌که‌م که‌ به‌ بۆمبێکی چێنراو بازاڕێکی شاری سه‌دری له‌ به‌غدا کرده‌ ئامانج و له‌ ئه‌نجامدا ده‌یان هاووڵاتی شه‌هید و بریندار بوون".
 
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەریاند: "لە تاوانێکی قێزەون و دڵڕەقییەکی کەم هاوشێوە خەڵکی سڤیلی ئێمەیان لە ناوچەی سەدر و لە ئێوارەی جەژندا کردە ئامانج، ئەوان نایانەوێ گەل بۆ ساتێکیش بێ بە ئاسایش و خۆشی شادبێت. وچان نادەین تاوەکو تیرۆری کینە لە دڵ و ترسنۆک لە رەگەوە هەڵدەکەنین، بەدڵنیاییەوە ویستی عێراقییەکان بەهێزترە لە تاوان و بۆگەنی ئەوان، دروود بۆ شەهیدان و چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان".
 
تەقینەوەکەی شەوی رابردوو ناوچەی سەدر هەروەها لەلایەن عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی لە عێراق و باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا سەرکۆنە کرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە