ململانێی هێز لەپشت کوژرانی هیشام هاشمی
رووداو - هەولێر
کاژێر 8:19ی ئێوارەی رۆژی 6ی تەممووز بوو، هیشام هاشمی وەک هەر رۆژێکی ئاسایی ئوتۆمبێلەکەی لەبەردەم ماڵەکەی لە زەیونە لە رۆژهەڵاتی بەغدا راگرت. رۆژەکە ئەوەندە ئاسایی بوو کە هیچ سەرنجی ئەو مۆتۆرسوارانەی نەدا کە 20 مەترێک ئەوبەرتری ماڵەکەی بۆ پاککردنی حیسابێکی سیاسی نێوان سەرۆکوەزیران و میلیشیا شیعەکان بۆی لە بۆسەدا بوون.
یەکەم گولـلە کە بەری دەکەوێت گولـلەی کڵاشینکۆفێکە. بەرپرسێکی باڵای پۆلیس کە بەشدارە لە لێکۆڵینەوەی کوشتنەکەدا بە ماڵپەڕی (میدڵئیست ئای) قەتەری دەڵێت "هەر ئەو یەک گولـلەیە بەس بوو بۆ ئەوەی هیشام لە جوڵە بکەوێت". وەک لە وێنەی کامیراکانی چاودێریدا دەردەکەوێت تفەنگی چەکدارەکە گیر دەکات، بۆیە دواجار دەمانچەیەکی دەستی دەردەهێنێ و لە کەمتر لە یەک خولەکدا کۆتایی بە ژیانی هێنا.
هیشام، کە لە ماڵپەڕی (رووداو)یش وتارێكی هەفتانەی هەبوو، بە شارەزاترین توێژەری ئەمنی عێراق لە بواری گرووپە توندئاژۆ سوننەکان و میلیشیا شیعەکان دادەنرا، کە نەک هەر زانیاری دەستەیەکی ئەمنی لابوو، بەڵکو توانایەکی بەرچاویشی هەبوو لەوەی ئەو زانیاریانە بە جۆرێک کۆبکاتەوە و رێکبخاتەوە کە واقیعی ئاسایش و سیاسەتی عێراقیان پێ بخوێنێتەوە.
بەشێک لەم شارەزاییە بۆ مێژووی ژیانی هیشام خۆی دەگەڕاوە، کە ماوەیەک وەک دەستبەسەر لە کەمپی بوکا بەسەر بردبوو، هەر ئەوەش وایکرد لە نزیکەوە ئاشنایەتی لەگەڵ سەلەفییە جیهادییەکانی عێراق هەبێت و لە نزیکەوە پەرەسەندنی خەونی دەوڵەتێکی ئیسلامی ببینێت.
بەڵام هیشام هاشمی، تەمەن ٤٧ ساڵ، پەیوەندییەکی نزیکیشی لەگەڵ میلیشیا شیعەکاندا هەبوو. مایکڵ نایتس، شارەزای کاروباری ئەمنی عێراق لە پەیمانگەی واشنتن، شەش ساڵ بوو شارەزا عێراقییەکەی دەناسی. نایتس ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە "دوای کەوتنی مووسڵ، هاشمی شانازی بە هێزەکانی حەشدەوە دەکرد و وەک بەشێک لە هەوڵێكی عێراقی-نێودەوڵەتی دەیبینین کە ئامانجیان تێکشکاندنی داعش بوو. ئەو دەرفەتی هەڤپەیڤین لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی حەشدی پێدرابوو، لەوانەش ئەبومەهدی موهەندیس"، کە سەرەتای ئەمساڵ لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزەکانی قودسی ئێران کوژرا.
لەدوای تێکشکاندنی خەلافەتی داعش لە عێراق، پێگە و چارەنووسی حەشد لە دامەزراوە سەربازییەکانی عێراق بووە کێشەیەکی گەورەی سێ حکومەتی رابردووی بەغدا. ئەوە یەکێکە لەو فایلانەی وەک میراتێک لە دوو ئیدارەی پێشووی عێراقەوە بۆ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق ماوەتەوە. لە دوای ٢٠١٧ەوە بۆچوونی هیشام هاشیمی بەرامبەر حەشد گۆڕا، چونکە پێیوابوو گرووپەکانی سەر بە تەوەری خۆڕاگری (محور المقاومە) کە سەر بە ئێرانن نێوبانگی حەشد و دەستکەوتەکانیان تێکدەدەن.
نیشانە لە هەموومان گیراوە
لێکۆلینڤانە عێراقییەکە، کە باوکی چوار منداڵیش بوو، یەکێک لە لایەنگرە سەرسەختەکانی تێکەڵاوکردنی هێزەکانی حەشد لەگەڵ هێزە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق بوو، بیرۆکە و راوێژەکانیشی رۆڵی گەورەیان لە دانانی پلانی تێکەڵاوکردنی حەشد لەگەڵ دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراقدا هەبووە. بۆیە هەرچەند لە بازنەی نێوخۆیی ئیدارەکەی کازمیدا نەبوو، بەڵام ئامانجەکانیان بۆ حەشد کۆی دەکردنەوە، ئەوەش تاوەکو رادەیەک كە هەندێک لە کاربەدەستانی عێراقی پێیانوایە کوشتنی هاشمی پەیامێک بووە بۆ کازمی و کەسانی دەوروبەری.
راوێژکارێکی کازمی، کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت،سەبارەت کوژرانی هاشمییەوە بە (میدڵئیست ئای) دەڵێت "ئەوە پەیامی تۆقاندنی تاقمی کاتیۆشا بوو بۆ کازمی و تیمەکەی. پەیامەکە بەڕوونی ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەوان دەتوانن لە هەرکاتێکدا دەستیان بگاتە ئێمە، دەیانەوێ بڵێن کازمی زۆر لاوازترە لەوەی خەڵکانی خۆی بپارێزێت". تاقمی کاتیۆشا دەستەواژەیەکە بۆ کەتایبی حیزبوڵڵا بەکاردەهێنرێت، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشی کاتیۆشاکانی بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان.
تائێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی کوشتنەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە. داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان پیرۆزبایی لە ئەندامانی خۆی کردووە، بەڵام کردارەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ. دوو راوێژکاری دیکەی کازمی پێیانوایە هێشتا زووە بۆ ئەوەی کەتایب تۆمەتبار بکرێت، بەڵام ئەوانیش "گرووپێکی رادیکاڵی شیعە" لە پشت هێرشەکانەوە دەبینن.
یەکێک لەو دوو راوێژکارە دەڵێت "ئێمە پێمانوایە ئەوان بەنیازن نیشانە لە ئەندامانی نزیک لە کازمی بگرن، مەبەستیشیان ئەوەیە کازمی تووشی ئاڵینگاری بکەنەوە و رایبکێشنە نێو پێکدادانەوە، لەم قۆناخەی ئێستاشدا ئەوان هەموو ئامرازێکی سەرکەوتن لەم پێکدادانەیان لەبەردەستە. ئێمە دەزانین ناوی هەموومان لە لیستەکە دایە، هەرکام لە ئێمەش دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە دواتر نۆرەی خۆی دێت".
ململانێیەکی مەترسیدار
پێش وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی هەواڵگری عێراق، کازمی بەوە نێوبانگی دەرکردبوو کە لە دۆکۆمێنتکردنی تاوانەکانی رژێمی بەعسدا توانایەکی زۆری هەیە، جگە لەوەش لە دامەزراندن و پەرەپێدانی کۆمەڵێک دەزگای میدیایی وەک تەلەڤزیۆنی عێراقییە دەستی باڵای هەبووە. سەیر نییە کە ئێستاش کازمی کۆمەڵێک توێژەر و رۆژنامەڤان و پێشکێشکاری میدیایی بەنێودەنگی عێراقی لە دەوری خۆی کۆکردووەتەوە، کە دەکرێت بۆ داڕشتنی سیاسەت و ئاراستەکردنی رای گشتی سوودیان لێوەربگرێت.
کەسانی نزیک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە تەنانەت لە چوار ساڵی دەسەڵاتی لە هەواڵگری عێراقیش خۆی لەگەڵ هێزە سوننە، شیعە و کوردەکان تووشی کێشە نەدەکرد، بەوانەشەوە کە لە ئێران نزیکن.
فەرماندەیەکی نزیک لە کەتایبی حیزبوڵڵا بە ماڵپەڕە قەتەرییەکە دەڵێت کازمی لە کاتی سەرۆکایەتیی هەواڵگری عێڕاقدا دەستی لە لایەنەکان نەدەوەشاند "هەرچەندە زانیاری وەهای لابوو کە دەیسەلماند ئەو گرووپانە لە تاوانی ئابووری و هەواڵگریدا تێوەگلاون".
بەڵام لە دوو مانگ و نیوی رابردوودا کە پۆستی سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە، کۆمەڵێک هەنگاوی ناوە کە لە دۆخێکی دیکەدا دەکرا دۆخی هەموو بەغدا و عێراق بقڵیشێننەوە، لەوانەش هەڵکوتانە سەر بارەگایەکی کەتایبی حیزبوڵڵا لە بەغدا.
بەڵام کازمی پێش ئەو سەرکێشییانە کۆمەڵێک گۆڕانکاری دیکەی لە دەزگا ئەمنی و سەربازییەکاندا کردووە، بۆ ئەوەی بتوانێ دەرئەنجامی هەنگاوەکانی کۆنتڕۆڵ بکات. سەرۆکوەزیرانی عێراق تەنیا دوو مانگی پێویست بوو بۆ ئەوەی سوپاسالار، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، فەرماندەی دژەتیرۆری عێراق و بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازیی عێراق بگۆڕێت و فالح فەیاز، بكاتە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و لە پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای ئاسایشی نیشمانی لایبدات.
کازمی پەیوەندی و دەسەڵاتی نێوان داوودەزگا سەربازی، ئەمنی و هەواڵگرییەکانیشی رێکخستووەتەوە. داتابەیسی دەزگای ئاسایشی نیشمانی لە بەڕێوەبەرایەتیی حەشدی شەعبی دابڕاندووە و فەرمانیشی دەکردووە هەوالگری دەست بەسەر ئاسایشی پەیوەندییەکان و زانیارییەکاندا بگرێت.
بەرپرسێکی پێشووی هەواڵگریی عێراق و هاوڕێیەکی کازمی بە (میدڵئیست ئای) دەڵێت "هەموو ئەو فەرماندانە بەوە ناسراون کە هەژموونی گروپەکانی پەیوەندیدار بە ئێرانیان لەسەر نییە"، بەرپرسەکە نەیشاردووەتەوە کە ئەوانە تیمی راستەقینەی حکومەتەکەی کازمین و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە حکومەتەکەی کازمی حکومەتێکی سەربازییە.
بەڵام کازمی نەیتوانی دەستکاری پێکهاتەی سەرەکیی ئۆفیسی سەرۆکوەزیران بکات. راپۆرتێکی سەرەتای ئەمساڵی مایکڵ نایتس بۆ گۆڤاری دژەتیرۆری ئەمریکا ئاشکرای دەکات ئۆفیسی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لەژێر دەستی کەسانی نزیک لە موهەندیسدا بوو.
مونقیز داغر، لێکۆڵینڤانی عێراقی و بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوە لە کارگێڕی و کۆمەڵگەی مەدەنی، کازمی بە "شارەزای یاری میدیا ناودەبات" و دەڵێت "کازمی پیاوی سازشە، بۆیە هیچ گۆڕانێکی ئەوتۆی لە ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی پێشوودا نەکرد، بەڵکو ئۆفیسێکی هاوتەریبی دروستکردووە کە تیمە تایبەتەکەی خۆی، گرووپەکەی خۆی و راوێژکارەکانی لەوێن".
بەڵام کازمی چۆن دەتوانێ دوو گرووپی جیاوازی وەک فەرماندە سەربازییەکانی دەوروبەری و رۆژنامەنووس و توێژەرەکاندا لەناو یەک ئیدارەدا کۆبکاتەوە و هاوئاهەنگی لەنێوان بیرکردنەوەیاندا دروستبکات؟
بەرپرسەکەی پێشووی هەواڵگری و هاوڕێیەکەی کازمی لەوبارەوە دەڵێت "ئەو رۆژنامەڤان و توێژەرەکان بۆ سەر لێشێواندنی دژبەرەکانی بەکاردەهێنێت، واتە ئەوان بە گژ دژبەرەکانیدا دەکات و بەوان سەرقاڵیان دەکات، لەولاشەوە خۆی بێ سەرئێشە کاری خۆی دەکات".
دەستگرتن بەسەر هێزی سەربازی، ئەمنی و میدیا و هێرشەکەی سەر بارەگای کەتایب دۆخەکەی هێنایە سەر لێواری پێکدادانی قورس، بەڵام ململانێیەکان هێشتا لە ئاستی ناردنی ئاماژە و تاقیکردنەوەی توانا و ویستی یەکدیدا ماون، کوژرانی هاشمی بەشێکە لەو بێنەوبەردە ژێر بە ژێریانە.
راوێژکارێکی کازمی دەڵێت "کوژرانی هاشمی یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم ململانێیە بوو".