وەزیرێكی رژێمی بەعس یەكێكە لە كاندیدەکانی پۆستی پارێزگاری ئەنبار

رووداوـ حەیات

ئەندامێكی هاوپەیمانی موتەحیدون بە سەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی، رایگەیاند هاوپەیمانێتییەكەیان چەند كەسایەتییەكی دەستنیشانكردووە بۆ پۆستی پارێزگاری نوێی ئەنبار و یەكێك لەو كاندیدانە وەزیرێكی سەردەمی رژێمی بەعسە.

سوهەیب راوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند: "هاوپەیمانی موتەحیدون چەند كەسایەتییەكی دەستنیشانكردووە وەك كاندید بۆ پۆستی پارێزگاری نوێی ئەنبار، ئەگەر هاوپەیمانێتییەكە حكومەتی داهاتووی ئەنبار پێكبێنێ".

ئاماژەی بەوەشكرد "یەكێك لەو كاندیدانە محەمەد مەهدی ساڵح، وەزیری بازرگانی سەردەمی رژێمی بەعسەو هۆكاری كاندیدكردنی پاڵپشتی دانیشتو‌وانی ئەنبارە بۆ كەسایەتی ئەو وەزیرە پێشووە".

محەمەد مەهدی ساڵح لەساڵی 1990 تاوەكو رووخانی رژێمی پێشوو لە عێراق پۆستی وەزیری بازرگانی پێ سپێردرابوو و لە23 نیسانی ساڵی ٢٠٠٣ و پاش رووخانی رژێمی پێشوو لەلایەن هێزەكانی ئەمریكا دەستگیركراو پاش نۆ ساڵ مانەوەی لەزینداندا لەلایەن وەزارەتی دادی عێراقەوە ئازادكرا. 

لە 22ی مانگی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكانی پارێزگای ئەنباری راگەیاندو دەركەوت لیستی موتەحیدون پلەی یەكەمی بەدەستهێناوەو لیستی عابرونیش پلەی دووەم و عێراقییەی عەرەبی پلەی سێیەم و ئیئتیلافی عێراقییەی یەكگرتووش پلەی چوارەمیان بەدەستهێناوە.