12 بەرپرس بەهۆى خراپیى دۆخى کارەباى عێراقەوە دوورخرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە هەشت رۆژدا 12 بەرپرسی وەزارەتى کارەبای عێراق بە هۆى "کەمتەرخەمى"یەوە لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە؛ زۆرینەیان لە بەغدا بوون.
دوورخستنەوەی ئەو بەرپرسانە لەدواى نووسراوێکی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 12ى حوزەیران بۆ وەزارەتى کارەبا بوو و تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، هەر بەرپرسێک کەمتەرخەم بێت لە کارەکەى دووردەخرێتەوە.
هەندێک لە بەڵگەنامەکانی تایبەت بە دوورخستنەوەى ئەو بەرپرسانە لە میدیاى فەرمى عێراقەوە بڵاوکراونەتەوە و زۆرینەیشیان لە سنوورى بەغدان.
یەکەم قۆناخی دوورخستنەوەى بەرپرسانى کارەبا لە 12ى حوزەیران بوو و تێیدا وەزارەتى کارەبای عێراق بەڕێوەبەرى کارەباى ناوچەى سەدر و بەڕێوەبەرى دابەشکردنى کارەباى نەجەفى لە پۆستەکانیان دوورخستەوە.
18ى حوزەیران بەرپرسى کەرتى عامل لە بەغدا لە پۆستەکەى دووخرایەوە.
دوایین بڕیارى وەزارەتى کارەبا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ى حوزەیران دەرکراوە بۆ سزادانى دوو بەرپرسى تەکنیکى کارەباى کەرخ لە بەغدا و وەک سزایەکیش بە هۆى کەمتەرخەمییان لە راپەڕاندنى کارەکانیان گوێزراونەتەوە؛ بەرپرسى دابەشکردنى کارەباى کەرتى ئووریش لە بەغدا لە پۆستەکەى دوورخراوەتەوە.
بە گوێرەى ئەو زانیارییەى تۆڕى میدیایی رووداو لە سەرچاوەیەکى بەرپرسی وەزارەتى کارەباى عێراقەوە دەستى کەوتووە، لە 12ی ئەم مانگەوە 12 بەرپرسی ئەو وەزارەتە بەهۆى "کەمتەرخەمی" لە جێبەجێکردنى ئەرکەکانیان دوورخراونەتەوە.
ئەو سەرچاوەیەى رووداو گوتى: "سزاکە زیاتر ئەوانەى گرتووەتەوە کە بەرپرسن لە دابەشکردن و گواستنەوەى کارەبا نەوەک بەرهەمهێنانى. ئەو هەڵمەتى دوورخستنەوەیە بەردەوام دەبێت و کەسانى دیکەش دەگرێتەوە".
لەگەڵ هاتنى وەرزى گەرمادا کێشە بۆ دابەشکردنى کارەبا لە عێراق دروست دەبێت، ئەوەش بە هۆى زۆرى بەکارهێنان و کەمى بەرهەمەوە.
لە وەرزى گەرمادا عێراق رۆژانە پێویستی بە 42 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، لەکاتێکدا لە باشترین دۆخدا 27 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دێنێت.