سەنتەرێکی مافی مرۆڤ: هەواڵی لەسێدارەدانی 32 کەس لە عێراق راست نییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سەنتەری عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بەرپرسی گرتووخانەی حوت لە پارێزگای ناسڕیە رەتیکردووەتەوە لە چوارەم رۆژی جەژنی قوربانی ئەم ساڵدا، 32 کەس لەوانەی تۆمەتبارن بە تیرۆر لەو گرتووخانەیە لەسێدارە درابن.
عەلی عیبادی، سەرۆکی سەنتەری عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرپرسی گرتووخانەی ناوەندیی ناسڕیە لە پارێزگای زیقار، پێی راگەیاندووە ئەو بەڵگەنامانەی بڵاوکراونەتەوە لەبارەی لەسێدارەدانی 32 کەس لەو کەسانەی بە تاوانی تیرۆر سزادراون، "ساختەن و هەواڵەکەش راست نییە."
سەرۆکی سەنتەری عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ گوتی: "تەواو دڵنیابووینەوە کە هەواڵەکە بنەمای نییە، چونکە ماوەی هەفتەیەک زیاترە پشووە، هەروەها ئێستا جەژنە، لە پشوو و لە جەژندا هیچ فەرمانێکی لەسێدارەدان جێبەجێ ناکرێت."
لە شەوی رابردووە، ناوی 32 کەس بڵاوکراوەتەوە گوایە لە گرتووخانەی حوت لە شاری ناسڕیەی ناوەندی پارێزگای زیقار، لە چوارەم رۆژی جەژنی قوربانی ئەم ساڵ، لەسێدارەدراون.
ئەو کەسانە بەپێی ئەو دوو بەڵگەنامەیەی بڵاوکراونەتەوە سەرجەمیان بە تاوانی تیرۆر سزای لەسێدارەدانیان هەیە، گوایە خەڵکی پارێزگاکانی، بەغدا، دیالە، ئەنبار، سەڵاحەدین، کەرکووک، نەینەوان.
رووداو پەیوەندیی بە بەرپرسێکی ئاگاداری وەزارەتی دادی عێراقیش کرد رەتیکردەوە ئەو سزایە لەو رۆژەی لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە جێبەجێکرابێت، ئەو گوتی: "لەو رۆژە هیچ کەسێک لەسێدارەنەدراوە."
رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو، 11ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ، روانگەی ئافاد (AFADA)، کە رێکخراوێکی عێراقیی تایبەت بە دۆسیەکانی مافی مرۆڤە، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد: "لە چەند هەفتەی رابردوودا و بەشێوەیەکی رانەگەیێندراو، دەسەڵاتدارانی عێراق لە گرتووخانەی حوت لە ناسڕیە 63 کەسیان لەسێدارەداوە، هەموو دادگاییکردنەکانیش مەرجەکانی دادپەروەریی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی تێدا نییە و دانپێدانانەکان لەژێر ئەشکەنجە وەرگیراون."
بەپێی رێکخراوەکە بڕیاری لەسێدارەدانەکان بە ئاگاداری و فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران بووە، لە دوو مانگی رابردوو لەسێدارەدانەکان زیادیانکردووە و لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ خەڵکی تێیدا لەسێدارە دەدرێت و بەدیاریکراویش ئەوانەی لەسێدارەدەدرێن تۆمەتی تیرۆریان هەیە.
رێکخراوەکە بەرپرسیارێتی ئەو لەسێدارەدانانە دەخاتە ئەستۆی سەرۆککۆماری عێراق لە رێگەی واژۆکردنی بڕیارەکانی لەسێدارەدان. داواش لە رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ دەکات لەسێدارەدان رابگیرێت.