وەزارەتی پەروەردەی عێراق و پەرلەمان دزەکردنی پرسیارەکان رەتدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان و وەزارەتی پەروەردەی عێراق، دزە و ئاشکرابوونی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی پۆلی شەشی ئامادەیی رەتدەکەنەوە. ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە دەڵێ، هەر پرسیارێک ئاشکرابێت، تاقیکردنەوەی بابەتەکە هەڵدەوەشێننەوە.
تائێستا لە عێراق سێ تاقیکردنەوەی پۆلی شەشی ئامادەیی کراون؛ بۆ خوێندنی عەرەبی بابەتەکانی پەروەردەی ئیسلامی، زمانی عەرەبی و زمانی ئینگلیزی. بۆ خوێندنی کوردی، پەروەردەی ئیسلامی و عەرەبی، زمانی کوردی و زمانی ئینگلیزی تاقیکردنەوەیان تێدا کراوە؛ بەڵام بەهۆی جەژنی قوربانەوە تاقییکردنەوەکان راگیراون، بڕیارە 23ی مانگ دەستپێبکەنەوە.
نەجوا حەمید، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 20-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا هەر سێ تاقیکردنەوەکە بێ گرفت بەڕێوەچوون و هیچ کێشەیەک نەبووە".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە دزەکردنی پرسیارەکان دەکرێت. ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە دەڵێت: "ئەو قسانە دوورن لە راستییەوە، تائێستا هیچ پرسیارێک دزەی نەکردووە، ئەو قسانەشی لەوبارەوە دەکرێن تەنیا پروپاگەندە و قسە و قسەڵۆکی سۆشیال میدیان".
نەجوا حەمید، گوتی: "ئەگەر پرسیاری هەر بابەتێکی تاقیکردنەوە دزەی پێبکرێت و پێشوەختە ئاشکرا بێت، رێکاری تووند دەگرینەبەر، تاقییکردنەوەی بابەتەکە دوادەخەین و ئەنجامەکەی هەڵدەوەشێنینەوە".
زیاتر لە 650 هەزار قوتابی لە تاقیکردنەوەکان بەشدارن.
هەر لەوبارەوە رۆژی 19-06-2024، کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵەکانی تەلەگرام بڵاودەبێتەوە لەبارەی کڕین و فرۆشتنی پرسیارەکان هەمووی دۆریە".
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، "ئەمانە فێڵی هەندێک دەروون لاوازن، لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و هێزە ئەمنییەکان دیاریکراون و چارەسەرکراون".
وەزارەتی پەروەردە داوای لە قوتابییان دەکات ئەو کردەوە "پیس و نەگریسانە" نەیانشڵەژنێ، با قوتابییان خوێندنی خۆیان بکەن.