بەرگریی شارستانیی عێراق 14 رێنمایی لە بارەی گەرماوە بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی عێراق 14 رێنمایی تایبەت بە وەرزی هاوین و خۆدوورگرتن لە رووداوەکان-ی بڵاوکردەوە و داوا دەکات لە کاژێر 11 تاوەکو سێی پاشنیوەڕۆ پێویست نەبێت خەڵک راستەوخۆ خۆیان نەدەنە بەر رۆژ و لە تینی گەرمادا گەشت نەکەن.
نوئاس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ئەمڕۆوە عێراق دەکەوێتە نێو وەرزی هاوینەوە و پێویستە هاووڵاتیان هۆشیاربن بۆ ئەوەی تووشی رووداوی نەخوازراو نەبن."
سەبارەت بە رێنماییەکانی بەرگریی شارستانیی عێراق تایبەت بە وەرزی هاوین، روونیکردەوە، ئەوان ئەم رێنماییانەیان ئەمڕۆ بڵاوکردووەتەوە و داوای کرد خەڵک پێوەی پابەندببن:
1- پێویستە لە کاتی راگرتنی ئۆتۆمبێل ئەم شتانەی تێدا نەبێت:
- مادەی گازی کە ئەگەری تەقینەوەیان هەیە.
- چەرخ بە هەموو جۆرەکانییەوە.
- بتڵی ئاو و خواردنەوە گازییەکان
- بۆن و پاتریی ئامێرەکان بەگشتی
- پێویستە جامەکانی ئۆتۆمبێل کەمێک کراوەبن.
- تانکی ئۆتۆمبێل بەتەواوەتی پڕ سووتەمەنی نەکرێت.
- تاوەکو بکرێت بەیانیان سووتەمەنی لە ئۆتۆمبێل بکرێت.
- لەکاتی تینی زۆری گەرما بە ئۆتۆمبێل گەشت نەکرێت.
- تایەی ئۆتۆمبێل زیاد لە پێویست هەوای تێنەکرێت، بەتایبەت لەکاتی گەشتکردن.
2- زۆر خواردنەوەی ئاو و شلەمەنییەکان، بەتایبەت ئەگەر خۆر لێیدان، ئەوەش بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمبوونەوەی شلەمەنییەکانی جەستە.
3- بتڵی گازی تایبەت بە چێشتلێنان لەبەر خۆر دانەنرێت.
4- دڵنیابوون لەوەی سویچەکانی کارەبا زۆر بارنەکراون، بەکارنەهێنانی فێنککەرەوە ئەگەر ژوورەکان کەسیان لێ نەبوو، دەبێت ئامێرەکانی پاراستنیش باش بن.
5- بەکارنەهێنانی پلاکی کارەبایی خراپ و کوالێتیی نزم، هەروەها دڵنیابوونەوە لە بەکارهێنانی ئامێرەکانی پاراستن لە ئامێرەکانی فێنککەرەوە و ئامێرەکانی دیکەش.
6- زیاد لە پێویست گوشار نەخرێتە سەر وایەر و کێبڵەکانی کارەبا، باشترە هەر سویچ پلاکێک یەک ئامێری لەسەر بێت.
7- خۆدوورگرتن لە تیشکی راستەوخۆی خۆر، بەتایبەت لە کاژێرەکانی 11ـی بەیانی تاوەکو سێی پاشنیوەڕۆ.
8- مەلەنەکردن لە رووبارەکان، بەتایبەت ئەگەر ئەو شوێنانە پارێزراو نەبن و پێشتر مەلەیان تێدا نەکرابێت.
9- دابینکردنی سەرجەم پێویستییەکانی پارێزگاری لە مەلەوانگەکان و پێدانی رێنمایی لەلایەن رێبەرانەوە، بەتایبەت لەبارەی قوڵایی مەلەوانگەکان.
10- دانانی پارێزگاری سەر یان بەکارهێنانی چەتر بۆ ئەوەی تیشکی خۆر راستەوخۆ بەر سەر نەکەوێت.
11- هەوڵدان بۆ ئاودانی باخچە و دارەکان بۆ پاراستنیان و باش راگرتنی دەورووبەری باخچەکان.
12- خستنەکاری نافوورە و بەکارهێنانی باخچەکانی گشتی بۆ فێنکردنی کەشی گەرم.
13- ناشتنی ئەو دارانەی کە بەردەوام سەوزن بۆ ئەوەی بەردەوام سێبەریان هەبێت و ئۆکسجین ببەخشێت.
14- پێویستە لە هەر دۆخێکی لەناکاودا پەیوەندیی بە (115)، ژمارەی بەرگریی شارستانییەوە بکرێت.
بەپێی لێكدانەوە فەلەكییەكان، رۆژی پێنجشەممە، 20ـی حوزەیرانی 2024، یەکەم رۆژی وەرزی هاوینی ئەمساڵە. ئەژی چەتۆ حەسەن، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسیی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "بەپێی پێوانە فەلەكییەكان پێنجشەممە لە هەرێمی كوردستان و نیوەگۆی باكووری زەویی یەكەم رۆژی هاوین دەبێت. كاژێر 11:50ـی پێشنیوەڕۆی شەو بە كاتی هەولێر، هەرێمی كوردستان و تەواوی نیوەگۆی باكووری زەوی دیاردەی (هەڵگەڕانەوەی هاوینە) روودەدات".
بەپێی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی "واست، موسەننا، بەغدا، کەربەلا، نەجەف" پلەی گەرما 50 پلەی سیلیزی دەبێت، لە پارێزگاکانی میسان، زیقاز، بەسرا، دیوانییەش دەگاتە 51 پلە.