مووشەکێک ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دەکرێت

20-06-2021
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ مووشەکێکی جۆری کاتیۆشا هاوێژرایە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق، بەڵام نەتەقییەوە.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "هێزە ئەمنییەکان لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە کە نەتەقییەوە دەکۆڵنەوە، مووشەکەکەش لە ناوچەی بەغدادییەوە بە ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد هاوێژرا و هیچ زیانێکی لێنەکەوتەوە".
 
بۆردوومانکردنی بنکەی عەین ئەسەد ئەمڕۆ لە کاتێکدایە شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە 24ی ئایاری 2021 دا رایگەیاند؛ ئەمڕۆ بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد بە مووشەک کرایە ئامانج.
 
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندینجار بنکەی عەین ئەسەد و بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کرانە ئامانج و زیانیان لێکەوتەوە، لە دوایین پێشهاتیشدا کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمریکی کە لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد فڕۆکەکانی ئێف 16ی چاکدەکردەوە و نۆژەنی دەکردەوە هەموو کارمەندانی خۆی لە بنکەکە کشاندەوە، ئاشکراشی کرد ئەو هەنگاوەمان بۆ پاراستنی سەلامەتی کارمەندانمانە.
 
بەردەوامی ئەو هێرشانە بۆ سەر بنکە سەربازییەکان کە هێزەکان یان بەڵێندەر و کارمەندانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیان تێدایە، هاوکاتە لەگەڵ تۆمەتبارکردنی یەکینەکانی حیزبوڵڵای عێراقی و چەند گرووپێکی چەکداری دیکەی شیعە و نزیک لە ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە.
 
بەپێی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن؛ ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا ئێستا لە عێراق 2500 سەربازە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە