شاندێکی یەکێتیی خانەنشینان بۆ هاوتاکردنی مووچەکانیان لە بەغدان

 
رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکی رێکخراوی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بۆ سێ داواکاریی پەیوەست بە مووچەکانیان سەردانی بەغدایان کردووە. گوتەبێژی رێکخراوەکە دەڵێت :"سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵیش تۆمار دەکەین."
 
شاندێکی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و سێ داواکارییان پێدان کە بریتین لە :" هاوتاکردنی مووچەکانی خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، پەلەکردن لە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی تایبەت بەو بابەتە، بەجێکردنی مووچەی خانەنشینانی کوردستان لە بانکەکانی حکومەتی عێراق."
 
سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەساڵی 2022 و لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە دادگەی فیدراڵی ژمارەیەک بڕیاری تایبەت بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و ئەوانەی عێراقی دەرکرد، بەڵام تائێستا بەتایبەت لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ ناکرێت."
 
گوتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا بە شاندێک لە بەغدان بەمەبەستی پێدانی راپۆرتی زانیاری و داتا و داواکارییەکانی خانەنشینانی کوردستان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەوانە لێژنەی دارایی پەرلەمان. هەروەها بڕیارە رۆژی سێشەممە راپۆرتەکە بدەنە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق.
 
خانەنشینان داوا دەکەن یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014 خانەنشینیی عێراق لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت. شاندەکەی خانەنشینانی کوردستان بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی دادگەی فیدڕاڵیش کۆببنەوە.
 
بەگوتەی ئەو گوتەبێژە کە ئەندامێکی شاندەکەیە لە بەغدا، جیاوازیی نێوان مووچەی خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان  و پارێزگاکانی دیکەی عێراق زۆرە، بۆیە تاوەکو جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بەردەوام دەبن لە گوشارەکانیان، تەنانەت ئەگەر بزانن داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت" پەنا بۆ دادگەی فیدراڵی دەبەین و سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمار دەکەین."
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن، کەمترین مووچە لە هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینار دەبێت، لە عێراق 500 هەزار دینارە، جگە لەوەی لە عێراق 100 هەزار دیکەیان بەناوی گرانیی بژیوی پێدەدرێت.
 
22ـی تشرینی دووەمی 2022، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقی ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی پابەندکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.