زانیاریی رووداو؛ گفتوگۆ لەسەر 90٪ـی پڕۆژەیاسای بودجە کراوە و پشکی هەرێمی کوردستان ماوە

رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەسەر 90٪ـی پڕۆژەیاسای بودجە کردووە و 10 ئەندامی پەرلەمانی عێراق، کە زۆرینەیان سەر بە عەسائبی ئەهلی حەق و حیزبوڵڵان، دەیانەوێت مادەی 12ـی بگۆڕن و بەشی کوردستان لە بودجەدا کەمبکەنەوە، لەبەرامبەردا د. ڤیان سەبری بە رووداوی گوت رێککەوتنی سیاسی لەسەر بودجە هەیە و بەڵێن وایە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.
 
لیژنەی دارایی لە سەروبەندی تەواوکردنی پڕۆژەیاسای بودجەدایە و ئەم هەفتەیە یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ دەنگدان لەسەری.
دیارترینی ئەو گۆڕانکارییانەی بەشێکی ئەندامانی لیژنەی دارایی بەتایبەتی شیعەکان، دەیانەوێت ئەنجامی بدەن، تایبەتە بە مادە و بڕگەکانی پشکی هەرێمی کوردستان، ئەوەیش ئەوەی کە دەڵێن "دەبێت هەرێمی کوردستان سەرجەم داهاتە نەوتی نانەوتییەکان بداتە بەغدا، ئەو کاتە شایستە داراییەکانی پێبدرێت".
 
تیمی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە چووەتە لای فراکسیۆنەکانی شیعە لە پەرلەمانی عێراق، ئەگەرچی لە بەردەم مایکی رووداو قسەیەکی جیاواز دەکەن، بەڵام پێشنیازیان کردووە و واژۆشیان بۆ گۆڕانکاری لە بڕگە و مادەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان کردووە.
 
داخل رازی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا دەڵێ "پێمانوایە بابەتی هەرێم و ناوەند ناکۆکییان لەسەر نییە. پشکی هەرێم لە بودجەدا گەرەنتی کراوە. ئێمە، هیچ ناڕەزایەتیێکمان لە سەری نییە و رێژەکە دیاریکراوە. پشکی هەرێم وەک هەر پارێزگایەکی دیکەیە، بەڵام دەبێت دادپەروەری پەیڕەو بکرێت، نابێت پشکی شوێنێک لەسەر حیسابی شوێنێکی دیکە هەژمار بکرێت و دەبێت دادپەروەری هەبێت". 
 
کورد، پێداگری دەکات لە مانەوەی هەمان ئەو دەقەی پێشتر لەنێوان هەولێر و بەغدا رێککەوتنی لەسەر کراوە، کە لە بودجەشدا جێگیرکراوە. لە دەرەوەی ئەمەش دەڵێن رازی نابن و هەڵوێستیان دەبێت.
 
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی "هەندێک پەرلەمانتار لە لیژنەی دارایی هەن، بەڕاستی هەندێک پێشنیاز دەکەن کە دژی هەرێمی کوردستانە، بەڵام تائێستا ئەو بابەتە یەکلایی نەکراوەتەوە، ئێمە وای دەبینین ئەو رێککەوتنەی لەنێوان هەردوو حکومەت، ئەوەی لەسەر نەوت کە کاتییە و دەربارەی بودجەش کە لەنێو پەرلەماندا دەنگی لەسەر دەدرێت، دەبێت ئەو رێککەوتنە سیاسییە وەک خۆی بێ دەستکاری جێبەجێ بکرێت، چۆن هاتووە مادەکانی 12، 13 و 14 چۆن لە حکومەتی عێراقەوە هاتووە، هەر وەک ئەوەش تێپەڕێت". 
 
رووداو زانیویەتی؛ 90٪ـی پڕۆژەیاسای بودجە لە لیژنەی دارایی تەواوکراوە و ئەوەی ماوەتەوە، کۆتا قسەیە کە لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان بکرێت و بڕیاریشە لە دوو رۆژی داهاتوودا، یەکلایی بکرێتەوە.