توێژینەوەیەکی نوێ؛ یەکەم ماچی نێو دەم کە تۆمارکرابێت 4500 ساڵ پێش ئێستا لە میزۆپۆتامیا بووە

20-05-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لێکۆڵەران قاڵبێکی قوڕی نەخشێنراویان دۆزیوەتەوە کە دیمەنی ماچی نێو دەمی ژن و پیاوێکە و دەڵێن، ئەو دیمەنە دەری دەخات مرۆڤ پێش 4500 ساڵ ماچی نێو دەمی کردووە. 

لێکۆڵەران لە زانکۆی کۆپنهاگنی دانیمارک دەڵێن، قاڵبەکەیان لە نێوان هەردوو رووباری دیجلە و فورات یان ناوچەی میزۆپۆتامیا دۆزیوەتەوە کە نەخشی ماچکردنێکی دەمی لەسەر کێشراوە و پێیان وایە بۆ 4,500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
 
پێشتر مێژوونووس و شوێنەوارناسان پێیان وابوو کە کۆنترین پاشماوەی وێنەی ماچکردن بۆ 3،500 ساڵ دەگەڕێتەوە کە لە ناوچەیەکی باشووری ئاسیا دۆزرابوویەوە، بەڵام لێکۆڵەرانی دانیمارکی پێیان وایە، ئەو تاتە قوڕینەیە جۆرێکە لە نووسینی شارستانییەتە دێرینەکان کە لە ناوچەی میزۆپۆتامیا نیشتەجێبوون. 
 
یەکێکی دیکە لە تاتە قوڕینەکان کە وا دەردەکەوێت کاری بابلییەکان بێت، دیمەنێکی ئیرۆتیکی تێدا دەبیندرێت کە مێژووەکەی بۆ 1800 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.
 
دکتۆر ترۆل پانک ئاربۆل، پسپۆڕ لە مێژووی پزیشکیی ناوچەی میزۆپۆتامیا دەڵێت، "هەزاران لەو تاتەقوڕینانە تاوەکو ئەمڕۆ ماونەتەوە و نموونەی روونیان لەسەر ئەوە تێدایە کە ماچکردن وەک شتێکی رۆمانسی لە سەردەمە کۆنەکان سەیرکراوە."
 
ئاربۆڵ دەشڵێت، "نابێت ماچکردن بەو جۆرە لێک بدرێتەوە کە لە ناوچەیەکی تایبەتییدا هەبووە و لەوێوە بڵاوبووەتەوە، بەڵکو ماچکردن هەزاران ساڵ پێش ئێستا لە شارستانییەتە جیاوازەکاندا هەبووە." 
 
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەکات کە چەند بەڵگەیەکیان دەستکەوتووە لەسەر چەند نەخۆشییەک کە بەهۆی ماچکردنەوە بڵاوبوونەتەوە. 
 
ماچکردن لە کۆندا بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی HSV 1 کە هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی چەند نەخۆشییەک لە قوڕگ و چەند بەڵگەیەکیش هەن باس لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ناوچەی میزۆپۆتامیا دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە