وەزارەتى نەوتى عێراق نامە بۆ کۆمپانیاکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان دەنێرێت

20-05-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
هەستیار قادر و لهۆن نەسرەدین 
 
وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێگەی نامەیەکەوە ئەو کۆمپانیانە ئاگادار دەکاتەوە کە گرێبەستییان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی گفتۆگۆ بکەن و کارەکانیان لە "چوارچێوەی یاسا"دا بکەن.
 
ئاژانسى رۆیتەزر ناوەڕۆکى نامەیەکى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنەرى نەوت لەهەرێمى کوردستان ئاشکرا دەکات، کە داواى لێکردوون بۆ ئەوەى گفتوگۆ بکەن و کارەکانیان لەو بوارەدا لە چوارچێوەى یاساى عێراقیدا بکەن و گرێبەستەکانیان بەگوێرەى یاساکانى عێراق بێت.
 
20ى ئایارى 2022، ئاژانسی رۆیتەرز ئەو نامەیەى وەزارەتی نەوتی عێراقی ئاشکراکردووە، کە تێیدا ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوت کۆمپانیایەکی بواری یاسایی بە ناوی "کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن" راسپاردووە تاوەکو پەیوەندیی بە ژمارەیەک لەو کۆمپانیا نەوتیە بیانییانەوە بکەن، کە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن و گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەن.
 
بەگوێرەى  ئاژانسى رۆیتەرز، عێراق هەوڵدەدات کۆنترۆڵی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات، بۆ ئەو مەبەستە چاوی لە واژۆکردنی گرێبەستە لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.
 
فەرهاد عەلائەددین، بەڕێوەبەرى ئەنجوومەنى راوێژکارى عێراقى بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند: "ئەوە هەوڵەى وەزارەتى نەوت لەرێگەى پارێزەرەکانى وەزارەتەوە بووە. ئەو کۆمپانیایەشی کە پەناى بۆ بردووە لە 50 وڵات کاردەکات و  16 ئۆفیسی لە وڵاتان هەیە و 1100 پارێزەر کارى تێدا دەکەن، وەزارەتى نەوت لە رێگەى ئەو کۆمپانیایەوە پەیوەندى بە کۆمپانیاکانى نەوت دەکات، نەک بەشێوەیەکى راستەوخۆ".
 
فەرهاد عەلائەددین ئاماژەى بەوەدا، کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنەرى نەوت چاوەڕێى دۆخى عێراق دەکەن بۆ بڕیاردان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو داواکارییەى وەزارەتى نەوت، دەیانەوێت بزانن تاوەکو چەند بەغدا سوورە لەسەر جێبەجێکردنى بڕیارى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى بۆ هەڵوەشاندنەوەى یاسای نەوتى گازى هەرێمى کوردستان.
 
15ى شوباتى 2022، دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەى یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان بە پاساوى ئەوەى لەگەڵ دەستوورى عێراق یەکناگرنەوە، داواشی لە هەرێمى کردستان کرد کە داهاتى نەوتى بەرهەمهێنراو رادەستى حکومەتى فیدڕاڵى بکات.
  
بەگوێرەى ئاژانسى رۆیتەرز لە نامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە، جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق، پێویستی بەگۆڕینی شێوەی گرێبەستەکان هەیە.
 
نامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق لە 7ی ئایارى 2022 نووسراوە و رۆژێك دواتر  بۆ  کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان نێردراوە، ئەوە بەگوێرەى رۆیتەرز یەکەمین پەیوەندی راستەوخۆی نێوان بەغدا و ئەو کۆمپانیایانەیە.
 
راوێژکارێکی وەزارەتی نەوتی عێراق کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسەکەى گوتووە: "لیژنەیەکی هاوبەشی حکومەتی عێراق بە ئەندامیێتی وەزیری نەوت و نوێنەری کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی و نوێنەرى دیوانی چاودێری دارایی عێراق، پێکهێنراوە، ئەرکی ئەو لیژنەیە  چاوخشاندنەوە بە سیستم و میکانیزمی گرێبەستە نەوتییەکان و دوا ئامانجیشیان گەیشتنە بە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو وایان لێبکەن دەست لە گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵگرن و گرێبەستی نوێ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق ببەستن".
 
بەگوتەی سەرچاوەیەکی دیکەى نێو وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیا نەوتییەکانی نێو هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقیان نەداوەتەوە، گوتیشی: "لە ئەگەری بەردەوامبوونیان بە پشتگوێخستنی نامەکە، ئەوا رێکاری دیکەی یاسایی لە دژیان دەگیرێتەبەر".
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە