رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی عێراق راگەیاند، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا واژۆی لەسەر رێککەوتنی تایبەت بە پڕچەککردنی هێزە ئاسمانییەکان و هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی عێراق کردووە.
وەزیری بەرگریی عێراق لە سلێمانی ئەو قسانەی کرد. سابت عەباسی لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداودا لەبارەی پڕچەککردنی سوپای عێراق گوتی، "پێشتر رێککەوتنی ئامادەمان بۆ پڕچەککردنی هێزە ئاسمانییەکانمان و هێزی بەرگریی ئاسمانی هەبووە. نوێنەری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا واژۆی لەسەر رێککەوتنەکان کردووە".
وەزیری بەرگریی عێراق باسی لە رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا کرد و گوتی، "چەند قۆناخێکمان بڕی، ئەوەش دوای ئەنجامدانی دوو کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. رێککەوتنەکە گەشەی بەخۆیەوە بینیوە و بەمنزیکانە کۆبوونەوەی دیکەشمان دەبێت".
سابت عەباس لەبارەی پێکەوە کارکردنی سوپای وڵاتەکەی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش قسەی کرد و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکاندا "جەختمان لە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەبواری هەواڵگری و بەردەوامی پێکەوەکارکردن و هاوئاهەنگییەکان کردوەتەوە. هەندێکجاریش پێویستیمان بە پاڵپشتیی ئاسمانیشیان دەبێت".
عێراق و ئەمریکا لە ساڵی 2008دا دوو رێککەوتنیان واژۆکرد؛ یەکەمیان ناسراوە بە "رێککەوتنی سۆفا" و دووەمیان "رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی."
رێککەوتنی یەکەمیان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی 2011 کۆتاییهات. دووەمیان رێککەوتنێکی فراوانە و تەنیا لایەنی ئەمنی ناگرێتەوە، بەڵکو بابەتی سیاسی، دیپلۆماسی، رۆشنبیری، خوێندن، ژینگە و زۆر بابەتی دیکەی لەخۆگرتووە و هیچ کاتێکیش بۆ کۆتاییهاتنی دیاری نەکراوە.
لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بۆ دیاریکردنی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش چەند جارێک کۆبوونەتەوە. لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەی کارەکانی ئەو لیژنە لاوەکییە کراوە کە لە کانوونی دووەمی 2024ەوە دەستبەرکاربووە و کاری هەڵسەنگاندنە بۆ هەڕەشەکانی داعش، ژینگەی ئۆپەراسیۆنەکان، رەوشی ئەمنی و توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ