سوودانی بۆ باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن: بەدواداچوون بۆ یاداشتەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان عێراق و ئەمریکا بکەن
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن رادەسپێرێت بەدواداچوون بۆ یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردوو بکات و باشترین خزمەت پێشکێشی کۆمەڵگەی عێراقی لە ئەمریکا بکات.
رۆژی شەممە، 20-04-2024، نووسینگەی میدیایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەراوێزی سەردانەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەردانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە واشنتن کرد و لەگەڵ تیمی باڵیۆزخانە کۆبووەوە".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ تیمی باڵیۆزخانە ئەوەی روونکردەوە کە یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن و ئەو پەڕاوانەی لە ماوەی سەردانەکەیدا کاریان لەسەر کراوە، "دەبێت بەدواداچوونی وردیان بۆ بکرێت و سەرنج بخرێتە سەر بەجێگەیاندنی ئەو داواکارییانەی لە یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن و پەڕاوە دوو قۆڵییەکاندا لەگەڵ ئەمریکا ئاماژەیان پێکراوە".
نووسینگەکەی سوودانی هەروەها دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێداچوونەوەی بە کارەکانی باڵیۆزخانە و ئاستی کارمەندەکانی کرد، هەروەها ستایشی هەوڵەکانی باڵیۆزخانەکە و رێکخستنەکانی باڵیۆزی عێراقی لەماوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئەمریکا کرد؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرۆکوەزیران داوای لە تیمی باڵیۆزخانەکە کرد هەوڵی زیاتر بەگەڕبخەن و خزمەتی زیاتری ناوبانگی عێراق بکەن".
لە کۆتایی راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوەکراوە، "سەرۆکوەزیران ستافی باڵیۆزخانەکەی راسپارد سەرنج بخەنە سەر ئەندامانی کۆمەڵگەی عێراقی لە ئەمریکا و کاربکەن بۆ پێشکێشکردنی هەموو خزمەت و ئاسانکارییەک کە پێویستیان پێیەتی".
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 13-04-2024 بە سەرۆکایەتیی شاندێک چووە ئەمریکا و چەند کۆبوونەوە و دیدارێکی ئەنجامدا، لەوانەش کۆبوونەوە لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا؛ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا؛ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا؛ برێت مەکگۆرک، راوێژکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا.
شاندەکەی عێراق 19 رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە چەند کەرتێکی جیاوازدا واژۆکرد.