رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی عێراق دەڵێت، تیمەکانیان 24 کاژێر لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ هەر رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە، ئامانجەکەش ئەوەیە بەرهەمی جووتیاران بپارێزن.
نواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق تەواوبوونی پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی راگەیاند و دەڵێت، "تیمەکانمان بە هاوئاهەنگی وەزارەتی کشتوکاڵ، لەگەڵ جووتیاران دەبن کاتێک گەنمەکانیان دروێنە دەکەن".
نواس سەباح شاکر گوتی، ئەگەری هەڕەشەی پەڕگیرەکانیش لەسەر دانەوێڵە هەیە و لەو بارەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پلانەکەمان بە هاوئاهەنگی هێزە ئەمنییەکان دەبێت و بەپێی ئەو خشتە کاتەی وەزارەتی کشتوکاڵ دیاریکردووە تاوەکو کۆتایی دروێنە بەردەوام دەبێت".
بەرگریی شارستانیی عێراق سەرەتا لە باشووری عێراق دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکەی دەکات، بەهۆی ئەوەی دروێنە لەو ناوچانەی گەرمترن بەراورد بە شوێنەکانی دیکە زووتر دەستی پێکردووە. بەرپرسەکەی بەرگریی شارستانی دەڵێت، "هەموو بنکەکانمان لە پارێزگا و شوێنەکان لە ئامادەباشی تەواودا دەبن؛ دەمانەوێت لەو رێگەیەوە بەرهەمی ئەمساڵ بپارێزین".
عێراق لە رێگەی وەزارەتی بازرگانییەوە ساڵانە گەنمی جووتیارانی دەکڕێت. ساڵی رابردوو نزیکەی 500 هەزار تۆنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی کوردستانی کڕی و بۆ هەر تۆنێک بڕی 850 هەزار دینار دیاریکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ