لیوا یەحیا رەسوول: لیستی ناوی تۆمەتباران لە هەڵاتنی سەعد کەمبەشمان لایە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، دەزگا ئەمنییەکان لیستی ناوی تۆمەتباران و ئەوانەی یارمەتیی سەعد کەمبەشیان داوە لە زیندان هەڵبێت، لایانە و ئەنجامی توێکاریی تەرمەکەشی لە ئاییندەیەکی نزیکدا رادەگەیێندرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 20-4-2023، لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەبارەی دەستگیرکردن و گیانلەدەستدانی سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننەی عێراق رایگەیاند، "چەند تیمێکی هەواڵگری و ئەمنی و تایبەتی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەی سەعد کەمبەش دەکرد لە هەڵاتنی لە زیندانەوە تاوەکو ئەو شوێنەی خۆی تێدا شاردبووەوە."
لیوا یەحیا رەسوول دەڵێت، "دەزگا ئەمنییەکان ناوی ئەو کەسانەیان لایە کە پلانی هەڵاتنی کەمبەشیان داڕشت و یارمەتییان دا بۆئەوەی خۆی حەشار بدات."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق باسی لەوەشکرد کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان داوای بەسزاگەیاندنی سەرجەم ئەو کەسانەی کردووە لە دۆسیەکەدا تێوەگلاون و کەمتەرخەم بوون.
لیوا یەحیا رەسوول لەبارەی دەستگیرکردنی کەمبەش پێش گیانلەدەستدانی دەڵێت، "گەیشتن بە سەعد کەمبەش و دەستگیرکردنی ئەوە دەسەلمێنێت کە دەزگا ئەمنییەکان کەمتەرخەم نابن لە دەستگیرکردنی داواکراوان لەلایەن دادگەکانی عێراقەوە."
سەبارەت بە توێکاریکردن بۆ تەرمەکەی سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننە، گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، "ئەنجامی توێکاریی تەرمەکە لەماوەی کەمی داهاتوودا بە فەرمی رادەگەیێندرێت."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20-4-2023، وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستیی عێراق راگەیێندراوێکیان لەبارەی مردنی سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننە بڵاوکردەوە کە ئەمڕۆ لەنێوان هەواڵی دەستگیرکردن و گیانلەدەستدانی چەند خولەکێکی کەم هەبوو.
لە راگەیێندراوی هاوبەشی ئەو دوو وەزارەتەدا هاتووە، "دوای هەڵاتنی حوکمدراو سەعد کەمبەش، تیمێکی هاوبەشی مەیدانی لە ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ دەستگیرکردنەوەی ناوبراو پێکهێنرا؛ دوای هەوڵێکی زۆر و بە سەرپەرشتیی وەزیری ناوخۆ و چاودێریی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، زانرا کە حوکمدراو لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری موسڵ جێگیرە. هێزەکە توانی گەمارۆی ئەو ناوچەیە بدات کە ناوبراوی لێ بوو و لەکاتی دەستگیرکردنەوەیدا هەوڵی هەڵاتنی دا و هێزەکەش دوای کەوتن. حوکمدراو لە هۆش خۆی چوو و تەندروستیی تێكچوو، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی موسڵ کرا کە بە مردوویی گەیێندرایە نەخۆشخانەکە."
کاژێر 11:00ـی شەوی 18ـی ئەم مانگە سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننەی عێراق لە گرتووخانەکەی لە بنکەی پۆلیسی کەڕادی بەغدا هەڵات، ئەوەش دوای حەوت رۆژ لە دەرچوونی بڕیاری دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە زیندانیکردنی کەمبەش بۆ ماوەی چوار ساڵ بەهۆی تێوەگلانی لە پرسی کڕینی هۆتێلێک لە شاری هەولێر کە دەستەی دەستپاکی گەندەڵیکردنی تێدا یەکلایی کردبووەوە.
رۆژی 18ـى نیسانى 2023، سەعد کەمبەش لە بنکەی پۆلیسی کەڕادە لە بەغدا رایکرد. وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاریدا بە دەستبەسەرکردنی سێ ئەفسەرى وەزارەتەکەى لەسەر ئەو دۆسیەیە.
21ـى ئادارى 2023، سەعد کەمبەش لە پارێزگاى دیالە دەستگیرکرا و 12ـى نیسان دەستەى دەستپاکیى عێراق ئاشکرایکرد کە دادگەى ناوەندى رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیى عێراق بەشێوەى ئامادە نەبوون، سەعید کەمبەشى بە چوار ساڵ بەندکردن سزاداوە. یەکێک لەو تۆمەتانەى کە بەهۆیەوە سەعد کەمبەش سزادرا، گرێبەستى کڕینى هۆتێل ئەرمادایە لە هەولێر.
سەعد کەمبەش کەسایەتییەکى سوننەى عێراق بوو و لە ساڵانى 2020 بۆ 2022 سەرۆکى دیوانى وەقفى سوننە بووە.