بەڕێوەبەرى تەندروستیى موسڵ بۆ رووداو: سەعد کەمبەش لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا

20-04-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستیى موسڵ دەڵێت، سەعد کەمبەش، سەرۆکى پێشووترى وەقفى سوننە لە دواى دەستگیرکردنەوەى لە موسڵ، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
 
رۆژی 20ـى نیسانى 2023، حەسەن عەنزى، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستیى موسڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ سەعد کەمبەش، سەرۆکى پێشووترى وەقفى سوننەى عێراق گەیێندراوەتە نەخۆشخانەى گشتیى موسڵ و بەهۆى تێکچوونى بارى تەندروستییەوە گیانی لەدەستداوە.
 
گیانلەدەستدانی کەمبەش دواى چەند کاژێرێک لە دەستگیرکردنەوەى لەلایەن یەکەیەکى تایبەتى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراقەوە بوو. 
 
ئەمڕۆ پێجشەممە، 20ـى نیسانى 2023، نووسینگەى رۆژنامەڤانیى عەبدولئەمیر شمەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزێکى تایبەتى ئەو وەزارەتە لە شارى موسڵ، سەعد کەمبەش، سەرۆکى پێشووترى وەقفى سوننەیان دەستگیرکردووەتەوە.
 
رۆژی 18ـى نیسانى 2023، سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووترى دیوانی وەقفی سوننەی عێراق لە بنکەی پۆلیسی کەڕادە لە بەغدا رایکرد کە لەسەر گەندەڵی سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە. وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاریدا بە دەستبەسەرکردنی سێ ئەفسەرى وەزارەتەکەى لەسەر ئەو دۆسیەیە.
 
21ـى ئادارى 2023، سەعد کەمبەش لە پارێزگاى دیالە دەستگیرکرا و 12ـى نیسان دەستەى دەستپاکیى عێراق ئاشکرایکرد کە دادگەى ناوەندى رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیى عێراق بەشێوەى ئامادە نەبوون، سەعید کەمبەشى بە چوار ساڵ بەندکردن سزاداوە. یەکێک لەو تۆمەتانەى کە بەهۆیەوە سەعد کەمبەش سزادرا، گرێبەستى کڕینى هۆتێل ئەرمادایە لە هەولێر.
 
سەعد کەمبەش کەسایەتییەکى سوننەى عێراق بوو و لە ساڵانى 2020 بۆ 2022 سەرۆکى دیوانى وەقفى سوننە بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە