لە زیقار هاووڵاتییەک لە بەردەم دادگا کوژرا

رووداو دیجیتاڵ
 
هاووڵاتییەکى پارێزگاى زیقار لەپاش ئەوەى لەلایەن دادگاوە بە بێ تاوان ناسێندرا، لەبەردەم دادگاکە کوژرا. وەزارەتى ناوخۆی عێراق کوشتنەکەی بە کردەوەی تیرۆریستی ناوبرد، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش فەرمانی کردووە بکوژەکەی دەستگیر بکرێت.
 
ئەو رووداوە ئەمڕۆ 20ى نیسانى 2022 لەبەردەم یەکێک لە دادگاکانى قەزاى شەتڕەى سنوورى پارێزگاى زیقار روویدا، ئەو کەسە کێشەى عەشایەرى هەبووە لەگەڵ عەشیرەتێکى دیکە.
 
وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە مستەفا کازمى فەرمانیداوە بە دەستگیرکردنى بکوژانى ئەو هاووڵاتییە.
 
وەزارەتى ناخۆ ئەو رووداوەى بە "تیرۆریستى" ناوبردووە، کە دابونەرینە ئاینی و رێوشوێنە یاساییەکانى پێشێل کردووە.
 
ئەو رووداوە لەکاتێکدابوو، کە کێشەیەکى دیکەی خێڵەکی لە گوندى سەعدون لە قەزاى شەتڕە روویدا و بەهۆیەوە بەرپرسی یەکەى هەواڵگریى فەرماندەیى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سۆمەر کوژرا، دواتر قەدەخەى هاتووچۆ لەو قەزایە راگەیێندرا.