عێراق کۆتایی بە ئەرکەکانی یونیتاد هێنا
رووداو دیجیتاڵ
تیمی تایبەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و هاوکاریکردنی عێراق، ناسراو بە یونیتاد، پێش کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی، ناچار دەکرێت کۆتایی بە ئەرکەکانی بهێنێت، ئەمەش بەهۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئەو تیمە لەگەڵ حکومەتی عێراق.
رۆژی چوارشەممە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز، کریستیان ریچەر، سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە تاوانەکانی داعش ناسراو بە (یونیتاد)، رایگەیاند "روونە ئەرکەکەی ئێمە کۆتایی نەهاتووە. پێویستمان بە کاتی زیاترە، ئەگەر تەماشای کاتی کۆتایی ئەرکەکان بکەیت کە ئەیلوولی 2024ـە، ئێمە تاوەکو ئەوکاتە ناتوانین تەواوی لێکۆڵینەوەکانمان تەواو بکەین یان دامەزراندنی ناوەندێکی ئەرشیڤکردن بۆ ملیۆنان بەڵگەنامەی گرنگ".
ئەمە یەکەمجارە، سەرۆکی تیمی یونیتاد بە راشکاوانە باس لە هۆکاری کۆتاییهێنانی ئەرکی تیمەکەیان دەکات کە مانگی ئەیلوولی رابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر داوای حکومەتی عێراق تەنیا بۆ یەک ساڵ ماوەی کارکردنی تیمەکەی درێژکردەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە بەرپرسانی یوئێن چاوەڕێیان دەکرد ئەرکی یونیتاد بۆ چەندین ساڵ درێژە بکێشێت. تاوەکو ئێستا کار و لێکۆڵینەوەکانی یونیتاد بووەتە هۆی دادگاییکردن و زیندانیکردنی سێ چەکداری پێشووی داعش لە ئەڵمانیا و پورتوگال، لەسەر تاوانی جینۆساید و تاوانەکانی دیکەی نێودەوڵەتی.
حکومەتی عێراق، کۆتاییهێنانی ئەرکی یونیتادی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هاوئاهەنگییەکی باشی لەگەڵ حکومەت نەبووە و ئەو بەڵگەنامانەشی دەستیکەوتوون پێشانی حکومەتی نەداوە.
لەوبارەیەوە، فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "بەبۆچوونی ئێمە، ئەرکی ئەو تیمە کۆتایی هاتووە و ستایشی کارەکانیان دەکەین و کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی پێبهێنین. ئەو تیمە وەڵامی هیچ داواکارییەکی نەداینەوە لەبارەی هاوبەشیکردنی بەڵگەنامەکانیان، ئێستاش دەبێت ئەو کارە بکات پێش کۆتاییهاتنی ئەرکەکانیان".
بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاندووە هۆکاری هاوبەشینەکردنی بەڵگەنامەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەغدا هێشتا سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکات و ئەوەش دژی سیاسەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و لێپرسینەوە لە تاوانکاران، ناسراو بە یونیتاد، لە ساڵی 2017 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان پێکهێنرا تاوەکو تاوانبارانی داعش بدۆزرێنەوە و دادگایی بکرێن.