prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "60٪ـی کۆمەڵگەی عێراق لە گەنجان پێکدێت". دەشڵێت، ئەزموونی تاڵ هۆکار بووە لە دواکەوتنی گەنجانی عێراق لە گەشەپێدان و پێشکەوتنەکان لە هەموو روویەکەوە. باسی لەوەش کرد پێنج هەزار خوێندکار دەنێرنە باشترین زانکۆکانی جیهان.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئاداری 2024، محەممەد شیاع سوودانی بە ئۆنلاین بەشداری لە کارەکانی سێیەمین لووتکەی دیموکراسیی کرد کە لە کۆریای باشوور بە بەشداریی نوێنەرانی دانیمارک، سوێد، ئیسپانیا، پاراگوای، مالاوی، لاتڤیا، نیپال و مۆلدۆڤا بەڕێوەچوو. سوودانی گوتارێکی پێشکێش کرد.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەکرد، هەوڵەکان یەکدەخەن بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە سەرەکییەکانیان لەپێناو گەیشتن بە جیهانێک هەموو گەلان لە خۆشگوزەرانیدا بژین و گوتی: "گەلەکەمان چەندین ئەزموونی تاڵی چەشت، هۆکار بوو لە لەدەستدانی چەندین هەل و دەرفەتی گەشەپێدان و پێشکەوتن. رژێمی دیکتاتۆری عێراقی خستە نێو چەندین جەنگی هەڕەمەکی کە بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری خستە سەر گەنجانمان."
سوودانی گوتی، "عێراق یەکێکە لە کۆمەڵگە لاوەکانی جیهان، بەوپێیەی 60٪ی لە گەنجان پێکهاتووە و ئەرکی سەرشانمانە ئەم وزە گەنجانە بۆ بەرەپێشبردنی زیاتر بقۆزینەوە". گوتیشی: "حکومەتەکەمان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، پلان و بەرنامەی تۆکمەی بۆ سەرنجی گەنجان داڕشتووە لە پێناو سوود وەرگرتن لە وزە و تواناکانیان کە زۆربەیان لە ئەنجامی جەنگی دژ بە داعش بەهەدەر دەچوون."
محەممەد شیاع سودانی ئەوەشی خستەڕوو کە پار بۆ یەکەم جار ئەنجوومەنی باڵای لاوانیان پێکهێناوە کە ئەرکی داڕشتنی پلان و بەرنامەی تایبەتە بە گەنجان بۆ وەگەڕخستنی تواناکانیان بۆ بەرژەوەندیی گەل.
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "خۆم سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە دەکەم و پێداگریم لەوە کردەوە کە لە پەیکەربەندییەکەیدا ژمارەیەک وەزیر، سەرۆکی دەستەکان و راوێژکارانی حکومەت هەبن. ئەنجوومەنەکە دەستپێشخەر بووە بۆ چەندین بڕیار و دەستپێشخەریی زۆر گرنگ بۆ بەرژەوەندیی چین و توێژی گەنجان."
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، پێنج هەزار خوێندکاری کچ و کوڕ دەنێرنە باشترین زانکۆکانی جیهان بۆ ئەوەی بە زانستی نوێ و دوایین پێشهاتە زانستییە ورد و هەستیارەکانی جیهان بەدەستبهێنن. مانگی رابردوو قۆناخی یەکەمی خوێندکارانیان نارد کە لە 400 خوێندکاری ناوچە جیاوازەکانی عێراق پێکهاتبوون.
سوودانی باسی لەوەکرد، ستراتیژیەتی نیشتمانیی بۆ پەروەردە و فێرکردن کارا کراوە، کە تاوەکو ساڵی 2031 بەردەوام دەبێت و گوتی: "ستراتیژیەتی گشتی کاری لەسەر دوایین پێشهاتەکانی کۆڵەگە زانستی و فێرکارییەکان کردووە."
سەبارەت بە ئاییندەی دەرچووانی زانکۆ، سوودانی گوتی: "حکومەتەکەمان لە رێگەی چاکسازییە بەردەوامەکانەوە کاری لەپێناو گەشەپێدانی کەرتی تایبەت کردووە و ئاسانکاریی زۆری بۆ فەراهەم کردووە بۆ ئەوەی هەلی کاری زیاتر بۆ دەرچووانی زانکۆی دابین بکرێت."
لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بووەتە بەڵایەکی زۆر گەورە و بەرۆکی ملیۆنان گەنجی جیهانی گرتووە و داوای پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتیی کردووە لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئافاتەی کە کۆمەڵگەکان دەشێوێنێت و ژێرخانی گەنجان تێکدەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ