حکومەتی عێراق: بەبۆنەی نەورۆزەوە سێشەممە پشوو دەبێت


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆزەوە رۆژی سێشەممە لە هەموو عێراقدا پشووی فەرمی دەبێت.
 
رۆژی دووشەممە 20-3-2023، ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "رۆژی سێشەممە 21-3-2023، بەبۆنەی ئاهەنگەکانی نەورۆزەوە، پشووی فەرمی دەبێت." 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەبۆنەی رۆژی نەورۆزەوە سێ رۆژ پشووی راگەیاندووە، رۆژانی 21 و 22 و 23ی ئاداری کردووەتە پشووی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکانی.
 
ئەمڕۆ دووشەممە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باکووری کوردستان و چەندین ناوچەی جیهان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز کە دەستپێکی ساڵی نوێی کوردی 2723یە ئاهەنگ سازکرا. 
 
جگە لە کورد چەندین نەتەوەی دیکە لە جیهاندا نەورۆز بە جەژنی خۆیان دەزانن و ئێوارەی 20ـی ئاداری هەموو ساڵێک بەشێوازی خۆیان گوزارشت لەهاتنەوەی ساڵی نوێ دەکەن.
 
لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەمساڵ بەچەندین رێوڕەسم پێشوازی لە ساڵی نوێی کوردی کرا. سەرۆک مەسعود بارزانی لە پارکی شانەدەر لە شاری هەولێر مەشخەڵی ئاگری نەورۆزی داگیرساند.
 
سەرەڕای ئەوانە، لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەهۆی هەڵکردنی ئاگری نەورۆزەوە تەقەیان لە هاونیشتمانییانی کورد کرد، بەو هۆیەوە چوار کەسی یەک خێزان کوژران و دووی دیکەش بریندار بوون.