6ـی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانى عێراق لە کۆى 15 مادەى پڕۆژەیاسای هەموارى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، حەوت مادەى پەسند کرد و دەشڵێت، 6ـی تشرینى دووەمى 2023 ئەو هەڵبژاردنە دەکرێت. 
 
بەرەبەیانى ئەمڕۆ، 20ى ئادار، پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر حەوت مادەى پڕۆژەیاسای هەموارى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کۆى 15 مادەى پڕۆژەکە دا و کۆبوونەوەکەی بۆ رۆژى 25ى ئادار هەڵگرت.
 
لەکۆبوونەوەکەدا پەرلەمان 6ى تشرینى دووەمى 2023ى وەک رۆژی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان پەسند کرد. 
دوایین هەڵبژاردن بۆ ئەو ئەنجوومەنانە کرابێت لە ساڵى 2013بوو، بەر لەوەى بە بڕیارى پەرلەمانى عێراق لە ساڵی 2019 کاریان سڕ بکرێت.
 
هەردوو هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە پڕۆژەیاساکەدا کراون بە یەک و بەگوێرەى ئەو مادانەى پەسندکراون، ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق وەک خۆیان دەمێننەوە کە 329 کورسین و ژمارەى کۆتاى پێکهاتەکانیش گۆڕانکاریان تێدا نەکرا کە 9 دانەن. 
 
بەشێکى دیکەى ئەو مادە و بڕگانەى پەسندکران تایبەت بوون بە شێوازى هەژمارکردنى دەنگەکان کە دەبێت لە سەرجەم بنکەکانى دەنگدان ژماردنى دەنگەکان بە دەستى و ئەلیکترۆنیش بێت. ئەگەریش ژمارەکان جیاواز بوون، ئەو کاتە پشت بە ژماردنى دەستى دەبەسترێت. هاوکات پێویستە لەماوەى 24 کاژێردا ئەنجامى بەرایی دەنگدانى تایبەت و گشتى لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رابگەیێندرێت.
 
دەنگدان لەسەر هەموارى پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان ناڕەزایی بەشێک لە فراکسیۆنە ئۆپۆزیسیۆن و پەرلەمانتارە سەربەخۆکانى لێکەوتەوە.
 
ئەوان دژى ئەوەن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق هەر پارێزگایەک بکرێتە یەک بازنە لە برى فرەبازنە، کە ئەمەی دواییان لە هەڵبژاردنى ساڵى 2021 پەیڕەوکرا؛ ئەوە جگە لەوەى نایانەوێت سیستمى سانت لیگۆ بۆ ژماردن و دابەشکردنى دەنگەکان بەسەر بەربژێرەکاندا پەیڕەو بکرێت بۆ دیاریکردنى براوەى هەڵبژاردن.