وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچەی مانگی دوو چەند داوایەک لە هەرێمی کوردستان دەکات

20-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دارایی عێراق لەبارەی مووچەی مانگی شوبات، سێ داواکاری ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هێشتا نووسراوەکەیان بە دەست نەگەیشتووە.
 
تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، لە 17-2-2025  نووسراوی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان/ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە، لەبارەی خەملاندنەکانی مووچە، خانەنشینی، چاودێری کۆمەڵایەتی و گرێبەستەکان.
 
سێ داواکارییەکەی وەزارەتی دارایی بریتین لە:

 

یەکەم: لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی شوباتی 2025 و مانگەکانی دیکە، داتای بەجێکردن (تەوتین)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان پێبدەن، بەپێی ئەو میکانزمەی کە دادگەی فیدراڵی دیاریکردووە.
 
دووەم: داهاتی نانەوتی مانگی شوباتی 2025ـیان بۆ بنێرێتە سەر ئەو هەژمارەی کردوویانەتەوە لە بانکی ناوەندی عێراق بە ژمارە ( 70018)، نەک تەنیا ئەو بڕیارەی رەوانەکراوە  کە 51,895,457,877 دینارە.
 
سێیەم: داوا دەکات داهاتی نەوتی بخرێتە سەر ئەو هەژمارەی وەزارەتی دارایی عێراق کە لە بانکی ناوەندی بە ژمارە (300900) کراوەتەوە.
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو نووسراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نێردراوە، هێشتا نەگەیشتووەتە دەست وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بۆیە ناتوانن قسەی لەسەر بکەن.
 
لەبارەی لیستی مووچەی مانگی شوباتەوە، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێـمی کوردستان گوتی، ئامادەکردنی لیستی مووچە هێشتا تەواو نەبووە، بۆیە ئەمڕۆ لیستەکە رەوانەی بەغدا ناکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە