لە بەعقوبە دوو ژن نزیکەی 4000 دۆلار دەدزن

رووداو دیجیتاڵ
لە شاری بەعقوبە- ناوەندی پارێزگای دیالە دوو ژن نزیکەی چوار هەزار دۆلاریان لە نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو دزی.
عەقید مەیسەم سەلمان شەممەری، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، رۆژی پێنجشەممە، 20-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە نزیکەی کاتژمێر 7ی ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە لە ناوچەی تەحریر-ی شاری بەعقوبە روویداوە.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، ئەو دوو ژنە بە بیانووی ئاڵوگۆڕکردنی دراو چوونەتە نووسینگەکە، بەڵام لە کاتێکدا خاوەنکارەکە سەرقاڵ بووە، پارەکەیان بردووە و هەڵاتوون
گوتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەدا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و هێزەکانی پۆلیس هەوڵدەدەن ئەو دوو ژنە بدۆزنەوە و دەستگیریان بکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە ژنەکان رەنگە شێوازێکی تایبەتیان بەکارهێنابێت بۆ ئەوەی خاوەن نووسینگەکە بخەوێنن، باسی خەوی موگناتیسی دەکرێت، بەڵام گوتەبێژی پۆلیسی دیالە ئەم دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، لە کامێراکانی چاودێرییدا هیچ بەڵگەیەک نییە، کە پشتگیری لەو قسانە بکات.
عەقید مەیسەم سەلمان شەممەری راشیگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ناسنامەی ئەو دوو ژنەوە نییە و تەنیا ئەوە دەزانن کە بە زمانی عەرەبی قسەیان نەکردووە، گوتوویانە عەرەبی نازانن؛ بەڵام هێشتا روون نییە خەڵکی کوێن ئێرانین یاخود عێراقی؟ لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ئەو دوو ژنە و ئاشکراکردنی هەموو راستییەکان."