لە سبەیەوە هێڵی ئاسمانیی عێراقییە گەشتەکانی بۆ لوبنان زیاد دەکات

20-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، لە سبەیەوە گەشتەکانی بۆ لوبنان زیاد دەکات، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە بڕیاری وەزیری گواستنەوەی عێراق، لە سبەی هەینییەوە، ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە دەبێتە دوو گەشتی رۆژانە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا رۆژانە یەک گەشتی ئاسمانی بۆ بەیرووت دەکرا، بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر گەشتەکان، لە سبەیەوە دەکرێتە دوو گەشتی رۆژانە.
 
زیادکردنی ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بۆ بەیرووت لە کاتێکدایە، بڕیارە 23ـی ئەم مانگە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان و هاشم سەفییەدینی جێگری بەڕێوەبچێت، کە هەردووکیان لە بۆردوومانی ئیسرائیلدا کوژران.
 
رێوڕەسمەکە کاژێر 01:00ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی خۆجێیی لە شاری کەمیل شەمعونی وەرزشی لە بەیرووت دەستپێدەکات.
 
بە گوتەی عەلی زاهر، رێکخەری باڵای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکە، نوێنەرانی 79 وڵات بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن لە ئاستی شاندی فەرمی، یاخود شاندی جەماوەری.
 
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی، رۆژی یەکشەممە 02-02-2025 رایگەیاند، رۆژی 23ـی شوبات لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا حەسەن نەسروڵڵا و هاشم سەفییەدین بەخاک دەسپێردرێن، چونکە "لە دۆخێکی دژواردا شەهید بوون، دەرفەت نەبووە دەستبەجێ بەخاکبسپێردرێن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە