لەسەر دۆسێی 'دزیی سەدە' فەرمانى دەستگیرکردن بۆ 15 کەسی دیکە دەرکرا

20-02-2023
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەى دەستپاکیى عێراق رایدەگەیێنێت، فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ 15 کەسی دیکە دەرکردووە لەسەر دۆسێى بردنى 3.7 تریلیۆن دینارەکەى سپاردەى دارایی دەستەى گشتیى باج لە بانکى رافیدەین، کە بە "دزیى سەدە" ناسراوە، 12 لەو تۆمەتبارانە بەرپرسن لە دەستەى گشتیى باج و سیانەکەى دیکەش خاوەنى کۆمپانیان.
 
19ى شوباتى 2023 دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، ئەو فەرمانانە، دەستگیرکردن و بانگکردنن بۆ بەردەم دادگە، کە لە دژى ئەو 15 تۆمەتبارە دەرکراون؛ 10 کەسیان بەرپرسن لە دەستەى گشتیى باجى عێراق و فەرمانى دەستگیرکردن و بانگکردنیان بۆ بەردەم دادگە دەرکراوە، بە تۆمەتى ئەوەى ئاسانکارییان کردووە بۆ بردنى ئەو پارەیە و کەمتەرخەم بوون لە جیێبەجێکردنى ئەرکەکانیاندا.
 
لەنێو ئەو بەرپرسانەى دەستەى گشتیى باج کە دادگە فەرمانى دەستگیرکردن یان بانگکردنی دەرکردوون، بەڕێوەبەرى کاروبارى چاودێریى ناوخۆیی، بەڕێوەبەرى گەنجینەى گشتى، بەرپرسی هۆبەى هەواڵدان لە سپیکردنەوەى پارە و پارەدارکردنى تیرۆر، بەڕێوەبەرانى لقەکانى دەستەى گشتیى باج لە ناوچەى وەزیریە و زەهرا و حەى عەرەبی لە بەغدا هەن.
 
تێکڕاى پارە دزراوەکەى بانکى رافیدەین زیاتر لە 3.7 تریلیۆن دینار بووە کە لە رێگەى پێنج کۆمپانیاوە لەنێوان ئابى 2021 و ئەیلوولى 2022 لەو بانکە براوە.
 
دەستەى دەستپاکیى عێراق ئاماژەى بەوەش داوە، فەرمانی دەستگیرکردن و بلۆککردنى پارە گوازراوە و نەگوازراوەکانى لە دژی سێ کەسی دیکە دەرکردووە، کە خاوەنى کۆمپانیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکیی دزیی سەدە

دادگاییکردنی تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی "دزیی سەدە" بۆ 27ـی ئەم مانگە دواخرا

بەبێ ئامادەبوونی خۆی و لەسەر داوای پارێزەرەکەی، دادگاییکردنی کەسی سەرەکیی دۆسیەی "دزیی سەدە" بۆ رۆژی 27ـی ئەم مانگە دواخرا، پەرلەمانتارێکیش کە ئامادەی دادگە بوو، دەڵێت "چاوەڕوانین و ئومێد دەکەین لە پرسی دادگاییکردنی تۆمەتباران، بێئومێدی لە دەروونی خەڵک نەچێندرێت."