رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، ئەو بەرپرسانە خانەنشین بکات کە تەمەنی یاسایی خانەنیشبوونیان تەواو کردووە.
مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە نووسراوێکدا رۆژی یەکشەممە 19-01-2025 کە بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی ناردووە، داوای خانەنشینکردنی ئەو بەرپرسانەی کردووە، کە تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاترە.
وێنەیەکی نووسراوەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە. سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو داوایە لە چوارچێوەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکاندا دێت، بۆیە داوا لە سەرۆکوەزیران دەکات بڕیاری پێویست بۆ خانەنشینکردنی ئەو بەرپرسانە بدات.
مەشهەدانی پێیوایە، "خانەنشیننەکردنی ئەوانەی 60 ساڵیان تەواو کردووە، پێشێلکردنێکی بێ پاساوی یاسایە".
ئەم داوایەی مەشهەدانی لە کاتێکدایە کە لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا، مشتومڕ و گفتوگۆی زۆر لەبارەی دواکەوتنی خانەنشینکردنی هەندێک بەرپرسی باڵا هەبووە، وەک پارێزگاری بەغدا، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق.
یاسای خانەنشینی لە عێراق رێگە نادات هیچ کەسێک لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە ئەگەر تەمەنی لە 60 ساڵ زیاتر بێت، جگە لە هەندێک حاڵەتی کەم کە رێگە دەدات تاوەکو تەمەنی 65 ساڵ بەشێوەیەکی کاتی لە پۆستەکانیاندا بمێننەوە.
هەمواری یاسای خانەنشینی یەکگرتوو لە پەرلەمانە، بۆ ئەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 60 ساڵییەوە بکرێتەوە 63 ساڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ