لە نەینەوا 146 پۆلیس بە گرێبەست دامەزرێندران

20-01-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای نەینەوا، 146 کەس کە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەبوو، دوای تەواوکردنی قۆناخەکانی مەشق و راهێنان، بە گرێبەست خرانە سەر وەزارەتی ناوخۆی عێراق و بوونە پۆلیس.
 
محەممەد جاسم، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە 20-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمانە پێشتر مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە، دوای ئەوەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە و مەشقی پێویستیان بینیوە، ئێستا بە گرێبەست لە وەزارەتی ناوخۆ دامەزراون، کە بەشێکیان کوردن. 
 
پۆلیسەکان دوای مانگێک لە مەشق و راهێنانی چڕ، دوێنێ ئاهەنگی دەرچوونیان بۆ رێکخرا. محەممەد جاسم، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا. محەممەد جاسم گوتی: "ئەوان پێشتر 250 هەزار دیناریان وەکو مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرت، بەڵام ئێستا کە بوونەتە پۆلیس مووچەکەیان بووەتە 500 دوای سێ ساڵیش، دەبنە هەمیشەیی."
 
ئەمە دووەمین کاروانی دامەزراندنی مووچەخۆرانی چاودێریی کۆمەڵایەتییە وەکو پۆلیس لە نەینەوا، پێشتر 800 کەسی دیکە بە هەمان شێوە دامەزرێنرابوون.
 
بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی نەینەوا، ناوی ئەو کەسانەی ئارەزووی بوونە پۆلیسیان هەیە، بە لیست رەوانەی پۆلیسی نەینەوا دەکات. پۆلیسیش دوای چاوپێکەوتن و دڵنیابوون لە گونجاوی تەمەن و توانای جەستەیی و سەرکەوتنیان لە تاقیکردنەوەکان، بە گرێبەست دایاندەمەزرێنێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە