عێراق
عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ مستەفا گۆران، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو.
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەڵێت، ئەو هاوپەیمانێتییە پێداگری لە دانانەوەی ئەسعەد عیدانی وەک پارێزگاری بەسرە دەکات.
عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە بەسرە گوتی، هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگی عێراقە و بەسرەش پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵی هەیە.
هاوپەیمانیی تەسمیم لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە رۆژی 18-12-2023 بەڕێوەچوو، لەکۆی 24 کورسی پارێزگای بەسرە 12 کورسی بەدەستهێنا.
هاوپەیمانییەکە لە لایەن ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و عامر فایز گوتی، بەهۆی پێدانی پارەی پیترۆدۆلار و نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان، دەستبەرداری پرسی دامەزراندنی هەرێمی بەسرە بوون.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانی تەسمیم
رووداو: سوپاس بۆ پێدانی ئەم دەرفەتە. هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. ئەو هەڵبژاردنەت بێ رەوتی سەدر چۆن بینی؟
عامر فایز: بەناوی خودای بەخشندی میهرەبان. سەرەتا سڵاو و ڕێز بۆ بەڕێزتان و تەواوی کارمەندانی کەناڵەکەتان و سوپاستان دەکەم بۆ ئەم میواندارییە. ئێمە زۆرمان مەبەست بوو کە رەوتی سەدر بەشداربووایە ،چونکە رەوتی سەدر رەوتێکی زۆر گرنگ و کارایە و پێگەی جەماوەری بەهێزە، بەڵام ئەوە بڕیاری خۆیان بوو و ئێمەش رێزمان لەبڕیارەکەیان گرت و ئەوانیش ئازادن چۆن بڕیار دەدەن و رێزلێگیراون. ئەگەر بەشداربوونایە زۆر باشتر دەبوو بۆ تەواوکردنی دەستەگوڵەکە.
رووداو: بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، هەڵبژاردنی پارێزگار پێویستی بە زۆرینەیە، واتە نیوە کۆ یەک. ئێوەش 12 کورسیتان هەیە وەکو هاوپەیمانیی تەسمیم. هیچ بەربەستێک بۆ دانانەوەی ئەسعەد عیدانی هەیە؟
عامر فایز: دوو خوێندنەوە بۆ یاسای هەڵبژاردنەکان هەیە. یەکێکیان دەڵێت پارێزگار یان سەرۆکی پەرلەمان بە نیوە زیاتر هەڵدەبژێردرێت. ئێمە زیاتر لەنیوەمان بەدەستهێناوە، بەڵام خوێندنەوەیەکی دیکەی دادگای فدراڵی هەیە کە ئێستا لەپەرلەمان کاری پێدەکارێت و دەڵێ نیوە کۆ یەک. ئەگەر بەم شێوەیە بێت ئێمە وەک تەسمیم پێویستمان بەیەک دەنگی دیکە هەیە تاوەکو بتوانین پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێرین .
رووداو: دەتوانن ئەو دەنگە بەدەستبهێنن؟
عامر فایز: پێم وایە بەڵێ، چونکە رێکەوتنی سیاسییە. بیرمان نەچێت ئێمە بەشێکین لەچوارچێوەی هاوئاهەنگی، بۆیە پێم وانییە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بیر لەوەبکاتەوە کێشە دروستبکات بۆ پارێزگارێکی گرنگی وەک بەسرە؛ بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بە تێگەیشتن و رێککەوتنی سیاسی هەیە. ئەمە ئێستا هەیە و بەردەوامە. پێشنیازێک هەبوو نەوەک بڕیار لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە، ئەویش ئەوەبوو کە نزیکدەبینەوە لەقۆناخێکی سیاسی نوێ، لەو بارەیەوەش چوارچێوەی هاوئاهەنگی سیاسەتێکی نوێی دەبێت، ئەویش گۆڕینی هەموو رووخسارەکانە بە رووخساری نوێ. ئێمە وەک تەسمیم دژی ئەمە وەستاینەوە و گوتمان ئەگەر دەتانەوێ رووخساری نوێ بێنن کێشەمان نییە، بەڵام ئەوانەی سەرکەوتوو بوون بۆچی بیانگۆڕین و نەیانکەینە پێشەنگ بۆ ئەوانی دیکە. ئێمە لەسەر قسەی خۆمان بووین و زۆربەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش هاوڕابوون و لەکۆتایشدا دەگەینە ئەنجامێک.
رووداو: ئایا تاکە بەربژێری هاوپەیمانی تەسمیم، بەڕێز ئەسعەد عیدانییە یان بەربژێری دیکەتان هەیە؟
عامر فایز: نەخێر، ئێمە تاکە بەربژێرمان ئەسعەد عیدانییە و سوورین لەسەری و هیچ جێگرەوەیەکی دیکەشمان نییە.
رووداو: باس لەوە دەکرێت ئەسعەد عیدانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ زۆر بەهێزە، بە تایبەتی نزیکە لە سعودیە و کوێت. ئەمە کێشەی بۆ دروستناکات بۆ هەڵبژاردنەوەی وەکو پارێزگاری بەسرە؟
عامر فایز: شێخ ئەسعەد پەیوەندی زۆرباشی لەگەڵ کوێت، سعودیە و ئێران هەیە. ئەوانە وڵاتی دراوسێی پارێزگاکەن و هەموویان بەرژەوەندیان لەم پارێزگایە هەیە و پێویستە لێکتێگەیشتن هەبێت. پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانە گرنگە و بۆچی ئەو لایەنە پشتگوێ بخەین. کوێت و سعودیە وڵاتی دراوسێ و برامانن و شانازییان پێوە دەکەین و پەیوەندی باشمان لەگەڵیان هەیە. نەوەک تەنیا شێخ ئەسعەد بەڵکو زۆرکەس پەیوەندیان لەگەڵیان هەیە، مەبەستم سیاسییەکانە، لەگەڵ ئێرانیش بەهەمان شێوە .
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش زۆر باشە. نهێنیی ئەو پەیوەندییە چییە کە هەتانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان؟
عامر فایز: هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی بەشێکن لەعێراق. پەیوەندی بەهێزمان هەبێت ئاساییە، چونکە ئێمە یەک گەلین. پەیوەندیمان لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێم مێژووییە. شێخ ئەسعەد عیدانی دەرچووی قوتابخانەی دکتۆر ئەحمەد چەلەبییە خودا لێی خۆشبێت. دکتۆر چەلەبی پەیوەندی لەگەڵ هەرێم زۆر بەهێزبوو. من وەک خۆم و سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم ئەندام و جێگری شەهید عزەدین سەلیم بووم. شەهید عیزەدینیش پەیوەندییەکی پتەو و بەهێزی لەگەڵ هەرێم هەبوو؛ هەروها لەئەنجوومەنی حوکمیشدا پێکەوەبووین و ماوەیەکی درێژیشە لەکاری سیاسەت بەیەکەوە لەگەڵ هەرێم بەردەوامین. ئێمە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ هەریەک لەبەڕێز جەڵال تاڵەبانی خودا لێی خۆشبێت و بەرێز کاک مەسعود پەیوەندی زۆرباش و پتەومان هەبوو. ئەمە بابەتێکی زۆر ئاساییە، لەڕوانگەی ئەوەی یەک گەل و یەک وڵاتین.
رووداو: دەگەڕێینەوە پارێزگەی بەسرە. پیشتر پڕۆژەی هەرێمی بەسرەتان هەبوو. ئەو پڕۆژەیە چی لێهات؟ ئایا سوورن لەسەر دامەزراندنی هەرێمی بەسرە؟ بەربەستە نێوخۆیی و دەرەکی و هەرێمییەکان چین لەبەردەم پڕۆژەی هەرێمی بەسرە؟
عامر فایز: پرۆژەی هەرێمی بەسرە، من یەکێک بووم لەو کەسانەی کە هەمیشە داوای بەهەرێمکردنی بەسرەم کردووە و دەیکەم و کاریشمان لەسەر کردووە، نەک لە خولی رابردوو، بەڵکو پێشتریش کارمان لەسەری کردبوو. من و محەممەد تائی کەلە پەرلەمان بووین پێکەوەکارمانکرد و هەموو خەڵکی بەسرە ئاواتەخوازبوون هەرێمی بەسرە دابمەزرێت. لەم بارەیەوە شاندێکمان چووە لای مەرجەعی باڵا لە نەجەف و مەرجەعییەت پشتگیری نەکردین، بەڵام دژیشی نەوەستایەوە و گوتی ئێمە لەگەڵ داواکاری خەڵکین بەپێی یاسا و دەستوور.
رووداو: واتە گشتپرسی؟
عامر فایز: گشتپرسییەکمان کرد و دەنگی تەواومان هێنا و داواکاریمان پێشکێشی حکومەتی ئەوکاتی عێراق کرد، بەڵام دۆخی وڵات ئەوکات گۆڕا. بەرێز مالیکی ئەو کات سەرۆکی حکومەت بوو، داعش هێرشیکرد و هاتە نێو عێراق و مەترسییەکان زۆربوون لەسەر عێراق و ئێمەش وەک سیاسی لەبەسرە بینیمان کە کاتەکە گونجاو نییە، چونکە رێوشوێنەکانی هەرێمەکە بەشێوەیەکی دروست روون نەکرابوونەوە و خەڵکیش بەشێوەیەکی دیکە لێکدانەوەی بۆ دەکردن و وایان دەزانی دروستکردنی هەرێم واتا جیابوونەوە لە عێراق یان هەرێمەکە وەک هەرێمی کوردستان دەبێت. هەرێمی کوردستان لەژێر یاسای هەرێم و پارێزگاکان نییە، چونکە هەرێمی کوردستان لەپێش رووخانی رژێمەوە هەیە. هەرێمی کوردستان هەموو سیاسییەکان دانیان پێداناوە و لەدەستووریش هاتووە کە هەرێمی کوردستان وەک خۆی دەمێنێتەوە؛ بۆیە هەر هەرێمێک دروست بێت وەک هەرێمی کوردستان نابێت، چونکە یاسای هەرێمەکان یاسایەکی جیاوازە، بۆیە بینیمان کاتەکە گونجاو نییە و دەبێت دوای بخەین و کارمان لەسەر جێگرەوەکەی کرد وجێگرەوەکەش ئەوەبوو بۆچی بیر لە دروستکردنی هەرێم دەکەینەوە. هۆکارەکەی ئەوەبوو کە مافی بەسرە دەخورا و پشتگوێخرابوو، ماندوو دەبووین تاوەکو شتێکمان دەست دەکەوت؛ بۆیە گوتمان ببینە هەرێم مافی خۆمان دەستدەکەوێت، بەڵام کاتێک پەرلەمان بڕیاریدا بەسرە پایتەختی ئابووریی عێراقە و مافی خۆیان پێدەدرێت وەک پیترۆ دۆلار و لەسەدا پەنجای داهاتی دەروازە سنورییەکان، ئەوە وەک جێگرەوەی بیرۆکەی هەرێم بەکارهێنرا.
رووداو: بەڵام بەڕێز، کێشەیەک هەیە لەسەر پرسی پیترۆ دۆلار. زۆربەی پارێزگاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، پیترۆدۆلاریان بە تەواوی وەرنەگرتووە. ئایا پارێزگای بەسرە پیترۆ دۆلار و نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکانی وەرگرتووە؟
عامر فایز: نەخێر، هێشتا حکومەت بڕێکی زۆر قەرزارمانە، بەتەواوەتی بودجەمان بۆ خەرج ناکرێت، بۆیە داوامانکرد کە سندووقێک دروستبکرێت بۆ هەموو پارێزگاکان و بەشی هەر پارێزگایەک لەو سندووقە دابنرێت، بەڵام بۆ پیترۆ دۆلار ناکرێت، چونکە بابەتەکە نێودەوڵەتی و هەرێمییە، بۆیە دەبێت پارەکە بچێتەوە گەنجینەی دەوڵەت و دواتر وەزارەتی دارایی خەرجی بکات. ئێستاش داوای دەکەین و پشکی تەواومان پێنادەن .
رووداو: لەکاتی میواندارێتی بەسرە بۆ جامی کەنداو، دەرگای گەشتیاریی بەسرە بۆ گەشتیارانی وڵاتانی کەنداو وڵاتانی دراوسێ کرایەوە. ئایا هیچ پرۆژەی دیکەتان هەیە بۆ کردنەوەی دەرگەی زیاتر بۆ هێنانی گەشتیاران بۆ بەسرە؟
عامر فایز: بەڵێ پلانمان هەیە. دەزانی بۆچی خەڵک ئەسعەد عیدانیان هەڵبژاردووە بەو دەنگە زۆرە؟ ئێمە وەک تەسمیم بۆچی پێداگری دەکەین لە دووبارە دانانەوەی ئەسعەد عیدانی؟ ئامانجەکە تەواوکردنی رێچکەکەیە کە دەستمان پێکردووە. ناکرێت ئێمە دەست بە دروستکردن بکەین و کەسێکی دیکە بێت تێکی بدات و لەسەرەتاوە دەست پێبکاتەوە. ئەوە راست نییە و ناگەینە ئەنجام. ئێمە قۆناخێکمان بڕیوە و پرۆژەی داهاتووشمان جەختکردنەوە دەبێت لەسەر گەشتیاری. بۆیە ئێستا بەسرە جوانی خۆی بۆ گەڕاوەتەوە وەک پێشووتر کاتێک لەکەنداو نموونەی بەسرەیان دەهێنایەوە. بۆیە ئێستا بەسرە پێگە و جوانی بۆ گەڕاوەتەوە، چەندین پرۆژەی گەشتیاری ئامادەیە لەساڵانی داهاتوودا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە؛ هەروەها ئاسانکاری هەیە بۆ هاتنی گەشتیار. هۆتێلی باش دروستکراون.
رووداو: هەوڵێک یان داواکارییەک لەلایەن رەشپێستەکانەوە هەبوو بۆ دیاریکردنی کورسیی کۆتا لە ئەنجوومەنی پارێزگا. ئایا ئەمە راستە؟ ئەگەر راستبێت ناچێتە چوارچێوەی جیاکارییەوە؟
عامر فایز: یەکەم، ئەمە داواکارییەکی ناڕاستە، واتە مەبەستم ئەوەیە کەهیچ داوایەکی لەو شێوەیە نەبووە .
رووداو: داوایان نەکردبوو؟
عامر فایز: نەخێر داوایان نەکردووە.
رووداو: بەڵام من قسەم لەگەڵیان کردووە. رێکخراو و گوتەبێژیان هەیە. وەک ئەوان دەڵێن قسەیان لەگەڵ پاریزگار کردووە و داوای کورسیی کۆتایان کردووە؟
عامر فایز: هیچ زانیاریەکم لەسەر ئەمە نییە، بڕواش ناکەم ئەم بابەتە هەبێت، چونکە ئەوان برای ئێمەن. ئێمە لە وڵاتێکی دەمارگیری ناژین کە ئەوان جیاوازبن لە خەڵکی دیکە. ئەوان مافیان وەک ئەوانەی دیکەیە سوودمەندن لەتەواوی مافەکانی خۆیان بێ کەم و کوڕی، ئینجا کۆتا چ مانایەکی هەیە؟ ئەگەر گوتمان کۆتا و رەشپێست، ئەوە دەبێتە رێگەیەک لە دابەشبوون وەک چون ئەمریکا لەکاتی رووخانی رژێم وڵاتی دابەشکرد بەسەر سوننە و شیعە و کورد. ئەمە لەسەر مێزی سیاسییەکان پێشتر هەبوو، بەڵام لە ئاستی شەقام و گەل نەبوو. من وەک خۆم چەندین جار سەردانی هەولێر و سلێمانیم کردووە و لەچێشتخانە،کافێ، هۆتێل و بازاڕ گەڕاوم و کەس نەیپرسیووە خەڵکی چ پارێزگایەکم یان تۆ عەرەبی و من کوردم و قەت شتی وانەبووە. هەموو وەک برا مامەڵە دەکەن. کوردێکیش بێتە باشوور بەهەمان شێوە رێزی لێدەگیرێ؛ شیعەیەک بچێتە پارێزگا سوننە نشینەکان هەروایە؛ بۆیە لەسەر ئاستی شەقام و گەل ئەم جیاکارییە بوونی نییە، بەڵام لەئاستی سیاسییەکان هەبوو. بابەتی رەشپێستەکان ئەگەر باس بکەین و کۆتایان بۆ دابنێین، ئەوا رەگەزپەرستییە و دژی ئەوەین.
رووداو: شتێک هەیە بتەوێت بیڵێی؟
عامر فایز: قسەی کۆتاییم ئەوەیە کە دەڵێم سوپاس بۆ کەناڵی رووداو کە لە باکووری عێراقەوە بۆ باشووری عێراق هاتوون بەمەبەستی هەڤپەیڤین و وەرگرتنی رای خەڵکی باشوور و گرنگیدان بە رایان. ئەمە کارێکی باشە و داوا لە هەموو راگەیاندنەکان دەکەین، کار لەسەر نزیککردنەوەی بۆچوونەکان بکەن، پیشەیی و بێلایەنانە کاربکەن و هیچ ئەجێندایەک جێبەجێ نەکەن. راگەیاندن رۆڵی گرنگی هەیە لە سەقامگیری و گەشانەوە و پێشکەوتنی عێراق، لەسەرتانە رۆڵتان ببینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ