عەمار حەکیم: دەبێت رێگرى لە بەقاچاخبردنى دراو بکرێت و سوودمەندانى ئاشکرابکرێن

20-01-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى رەوتى حیکمە داوا دەکات رێگرى بە قاچاخبردنى دراو بکرێت و سوودمەندانى ئەو کارە ئاشکرا بکرێن، کەشێکى گونجاویش بۆ ئەنجامدانى ھەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بڕەخسێندرێت.
 
رۆژی 20ـى کانوونى دووەمى 2023، عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمە 10 هەنگاوى خستەڕوو بۆ ئەوەى حکومەت جێبەجێى بکات بۆ چارەسەرى دۆخى ئێستاى عێراق، لەوانە رێگرى لە بە قاچاخبردنى پارە و هەموو ئەو دەرهاوێشتانەى هۆکارن بۆ ناسەقامگیریى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار و ئاشکراکردنى پاڵپشتیکاران و سوودمەندانى ئەو کارە و گوتی: "کەس لە سەرووی یاساوە نییە و نابێت رێگەى پێبدرێت ئەگەر باجەکەى هەر چییەک بێت".
 
عەمار حەکیم داوای کرد کەشێکى گونجاو بڕەخسێندرێت بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە رێگەى پەسندکردنى یاسایەکى دادوەرانە بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد و ئەنجوومەنى شارەوانییەکان کارا بکرێنەوە.
 
بڕیارە لە مانگى تشرینى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت، لە پاش ئەوەى دوایین هەڵبژاردن بۆ ئەو ئەنجوومەنە لە ساڵى 2013 کرا، بەر لەوەى لە ساڵى 2019 ئەنجوومەنى پارێزگاکان بە بڕیارى پەرلەمانى عێراق سڕبکرێن.
 
خستنەڕووى ئەو خاڵانە لەلایەن عەمار حەکیم لە گوتارێکدا بوو کە ئەمڕۆ هەینى لە رێوڕەسمی "رۆژى شەهیدى عێراقى" لە بەغدا پێشکێشى کرد کە ساڵیادى کوژرانى محەممەد باقر حەکیم، دامەزرێنەرى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە