دەروێشەکانی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی لەسەر دزیکردن لە مەزارگەیەکی بەغدا خۆپێشاندان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە بەغدا دزی لە مەزارگە و مزگەوتێکی تەریقەتی کەسنەزانی دەکرێت، ئەمڕۆ دەروێشەکانی ئەو تەریقەتەش لەو شارە خۆپێشاندانیان کرد.
رۆژی هەینی 20-1-2023، عەلی دلێمی، یەکێک لە بەشداربووانی خۆپێشاندانەکەی بەغدا بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چەند رۆژێک لەمەوبەر دەستدرێژیکراوەتە سەر مەزارگەی شێخ و ئیمامی ئێمە جونەید بەغدادی و پارەکانی نێو مەزارگە و هەندێک شتی بەنرخی دزراوە، ئێمەش ئەمڕۆ بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو رووداوە و دۆزینەوەی بکەرانی رووداوەکە خۆپێشاندانمان کرد."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شەوی 15ـی ئەم مانگە چەند دزێک هەڵیانکوتاوەتە سەر مەزارگەی شێخ جونەید بەغدادی لە ناوچەی عەلاوی لە بەغدا و دوای دزینی پارە و ژمارەیەک کەلوپەلی بەنرخ، مەزارگەکەیان شێواندووە و پەنجەرەکانیان شکاندوون. ئەو رووداوە بەرپرسانی تەریقەتی کەسنەزانی و دەروێشەکانی تووڕە کردووە.
دوای رووداوەکە سەرۆکایەتیی تەریقەتی عەلییەی قادریی کەسنەزانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "تەریقەت بە سەرۆکەکەی شێخ شەمسەدین محەممەد نەهرۆ کەسنەزانی و سەرجەم خەلیفە و مورشید و مورید و پەیڕەوکاران و خۆشەویستانی لە جیهان سەرکۆنەی دەستدرێژیی بەرامبەر بە مەزاری ئیمام جونەید بەغدادی دەکەین، تەریقەت لای وایە ئەو تاوانە لەچوارچێوەی زنجیرەی شێواندنی پیرۆزییە ئایینییەکانمان دێت و داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین سنوورێک بۆ ئەو زنجیرە تاوانە دابنێت."
مەزارگەی شێخ جونەید بەغدادی لە سەردەمی مەئموون خەلیفەی عەباسی دروستکراوە و بە یەکێک لە شوێنەوارە کەلەپووری و ئایینییەکانی بەغدا هەژمار دەکرێت، شێخ جونەید لەساڵی 911ـی زاینی کۆچیکردووە و بە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی نێو تەریقەتی کەسنەزانی دادەنرێت.