سوودانى: سێ جار هەوڵى نزیککرنەوەى سووریا و تورکیام دا بەڵام ئەسەد مەرجى هەبوو
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، سێ جار هەوڵى نزیککردنەوەى سووریا و تورکیاى داوەو ئەنقەرە رازى بووە، بەڵام بەشار ئەسەد مەرجى هەبووە و رووبەڕووبوونەوەى تیرۆ خاڵى ناکۆکییان بووە. دەشڵێت، "نێردەى دیپلۆماسیى عێراق لە دیمەشق کارەکانى دەستپێکردووەتەوە."
محەممەد شیاع سوودانى رۆژی پێنجشەممە بە میدیای فەرمیی عێراقی رایگەیاند: "گۆڕانى دۆخى سووریا چاوەڕوانکراو بوو، بەراورد بەو دۆخەکەى کە بەر لەو رووداوانە سووریاى تێدابوو، کە دابەش ببوو و چەندین هێزى بیانى تێدابوو، حکومەتى سووریاش دەسەڵاتی بەسەرهەموو وڵاتدا نەبوو."
8ى کانوونى یەکەمى 2024، دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا و حکومەتێکى کاتى بۆ قۆناخى راگوزەر پێکهێنراوە.
سوودانى دەڵێت، یەکێک لەو دۆسیانەى بەهێزەوە چوونەتە ناوى، لێکنزیککردنەوەى سووریا و تورکیا بووە بەوپێیەى دۆخى ئاسایشى سووریا گرنگە بۆ عێراق، تورکیاش گرنگى بۆ عێراق هەیە.
کاتێک رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا سەردانى عێراقی کردووە ئەو پرسەی لەگەڵدا کردووەتەوە کە گرنگە لەگەڵ سووریا لێکنزیک ببنەوە و پەیوەندییەکانیان دەستپێبکەنەوە و رازى بووە، ئەو پەیامەشى بە بەشار ئەسەد، سەرۆکى ئەوکاتەى سووریا گەیاندووە و دواى لێکردووە وەزیرانى دەرەوەى تورکیا و سووریا و عێراق لە بەغدا کۆببنەوە و بەشێوەیەکى بەرایی رازى بوو، بەڵام چەند مەرجێکى هەبووە.
سوودانى ئاماژەى بەوەدا، سێ جار ئەو هەوڵەى دووبار کردووەتەوە، تورکیا رازى بووە بەو مەرجەى ئاوارەکانى سووریا لە وڵاتەکەى بگەڕێنەوە و سووریا رووبەڕووى تیرۆر ببێتەوە کە بە گوتەى ئەو مەبەستى لە پارتى کرێکارانى کوردستان ( پەکەکە) بووە، لایەنى سووریی هاوڕابوو لەسەر گەڕانەوەى ئاوارەکان، بەڵام لە پرسی رووبەڕوونەوەى تیرۆردا داواى کردووە گشتگیر بێت گرووپە چەکدارەکانیش بگرێتەوە، ئەوە خاڵى ناکۆکییان بووە.
سەرۆکوەزیرانى عێراق گوتى: "چەکدارانى داعش لە سووریا ئەو بۆشاییە دەقۆزنەوە و وەک عێراق چاودێرى دەکەن و لەگەڵ ئوردن دەستمان کردووە بە پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنى هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەو گرووپە".
سوودانى رایگەیاند: "هەنگاوى فەرمییان لەلایەن لایەنى سوریاوە لە بارەى گەرەنتیدانى رێزگرتن لە فرە رەنگى لە سووریا پێنەگەیشتووە، بەڵام نێردەى دبپلۆماسى عێراق لە دیمەشق دەستى بە کار کردووەتەوە."
سەرۆکوەزیرانى عێراق رەتیکردەوە کە ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیى دەستەى تەحریری شام پەیوەندى پێوە کردبێت و گوتیشى: "دۆخى سووریا لە دۆخى عێراق دەچێت لە دواى 2003 و ئەوە وا دەکات کە ئامۆژگارى بدەین بۆ ئەوەى نەکەونە ئەو هەڵانەى ئیمە تێیکەوتین و هەڵوێستمان بەرامبەر بە سووریا هاوتەریبى هەڵوێستى وڵاتانى دۆستمانە لە رۆژئاوا."
سوودانى جەختى لەوە کردەوە کە مەرج نەخراوەتە سەر عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەى حەشدی شەعبی و "قبووڵکراو نییە" مەرج بەسەریاندا بسەپێندرێت و ئەوەى بە "خەیاڵ" ناوبرد.
بەشێک لە قسەکانى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە بارەى گۆڕانکاریى وەزارى بوون لە حکومەتەکەیدا و رایگەیاند، هەندێک لە هێزە سیاسییەکان ویستیان گۆڕانکارى وەزارى رووکەشی بێت، بەڵام رەتیکردووەتەوە.
سوودانى گوتى: "بە گوێرەى ئەو هەڵسەنگاندانەى کردوومانە، پێویستمان بە گۆڕانکاریى وەزاریی بوو لە چوار بۆ شەش وەزارەت، لەگەڵ لایەنە سایسییەکان قسەمان کرد لەو بارەیەوە بۆ ئەوەى لە پەرلەمان گۆڕانکارییەکە دەنگ بهێنێت، بەڵام گەیشتینەى ئەوەى کە پەکخستنێکى بەمەبەست هەیە بۆ ئەو گۆڕانکارییە."