سوودانى: رێگرى لە فرەڕەنگیی ئایینى و نەتەوەیی لە سووریا لێکەوتەى لەسەر عێراق دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: رێگرى لە فرەڕەنگیى ئایینى و نەتەوەیی لە سووریا لێکەوتەى لە ناوچەکە دەبێت، بەتایبەت لە سەر عێراق و ئەو گۆڕانکارییە مەترسیدارانەى کە ناوچەکە لە دواى 7ى تشرینى یەکەمى 2023 پێیدا تێپەڕ دەبێت. "لێکەوتەیەکى دەبێت کە پێشتر نەبووە."
ئەو گوتانەى محەممەد شیاع سوودانى لە کۆبوونەوەیەکدا بوو کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ى کانوونى یەکەمى 2024، لەگەڵ باڵیۆز و نێردە دیپلۆماسییەکانى وڵاتانى عەرەبی لە عێراق، کە لە بەغدا ئەنجامدرا.
محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند، نیگەرانى هەیە لەبارەى دووبارەبوونەوەى ئەوەى لە دژى پێکهاتەکان روویدا لەسەر دەستى تیرۆر؛ لەگەڵ زیادبوونى چەکدارانى داعش لە دۆخى ئێستاى سووریا.
سوودانى جەختى کردەوە کە رێگرى لە فرەڕەنگیى ئایینى و نەتەوەیی لە سووریا لێکەوتەى لە ناوچەکە دەبێت، بەتایبەت لە عێراق لە کاتێکدا ئەو وڵاتە ژمارەیەک مەزارى ئایینى لێیە کە ئەگەر هەیە بە ئامانج بگیرێن بۆ دروستکردنى ئاژاوە.
یەکێک لە نیگەرانییەکانی عێراق لە دۆخى سووریا، ئەگەرى زیان گەیاندنە بە مەزارگە ئاینییەکانى شیعە لەو وڵاتە.
سوودانى گوتى: "ئەو گۆڕانکارییە مەترسیدارانەى کە ناوچەکە لە دواى 7ى تشرینى یەکەمى 2023 پێیدا تێپەڕ دەبێت، لێکەوتەیەکى دەبێت کە پێشتر نەبووە".
7ى تشرینى یەکەمى 2023، بزوتنەوەى حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و جەنگ لە نێوا هەردوولا دروست بوو، دواتر لوبنانى گرتەوە و گۆڕانى دۆخى سووریاى بە دواى خۆیدا هێنا.
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: لەو پەیوەندییدایە لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانى عەرەبی لەبارەى دۆخى سووریاوە و کارنامەیەکى پێشکێش کردووە کە ئاماژە بە رێزگرتن لە ئیرادە و بژارەى ئازادى گەلى سووریا و پاراستنى مافى پێکهاتەکان و ئەو فرەڕەنگییە ئایینى و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە بکات کە لە سووریا هەیە.
لە دواى رووداوەکانى سووریا، عێراق سنوورەکانى لەگەڵ ئەو وڵاتە تووند کردووەتەوە بۆ رێگرى لە هەر مەترسییەک کە ئەگەر هەیە لەو وڵاتەوە لەسەر خاکى وڵاتەکەى دروست بێت.
سوودانى جەختى کردەوە کە هێزە ئەمنییەکانى عێراق ئامادەن و پاشماوەکانى داعش چتر مەترسى نەماون لەسەر خاکى عێراق.