نەینەوا زەوى بۆ شەهیدان تەرخان دەکات و بۆ پێشمەرگە داوای نووسراو دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا دەنگ لەسەر تەرخانکردنى زەوى بۆ شەهیدانى ئەو پارێزگایە دەدات. بۆ ئەوەى شەهیدانى پێشمەرگەش لەو سنوورە بگرێتەوە، داوا کراوە لە هەولێرەوە نووسراو بۆ بەغدا بکرێت.
دەنگدانى ئەنجوومەنى پارێزگای نەینەوا، لەسەر ئەو پرسە کۆبوونەوەى سێشەممە، 17ى کانوونى یەکەمى 2024 کراوە و تێیدا میوانداریى عەبدولستار حەبو، بەڕێوەبەرى شارەوانى کراوە بۆ تاوتوێکردنى پرسى دابەشکردنى زەوى بەسەر شەهیدانى ئەو پارێزگایەدا.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "بە بەڕێوەبەرى شارەوانیم گوت چۆن کەسوکارى ئەو پێشمەرگانەى لەو سنوورە شەهید بوون، ئەو بڕیارە بیانگرێتەوە؟ پێى گوتم: دەبێت وەزارەتى پێشمەرگە نووسراوێک بۆ دەزگاى شەهیدانى عێراق بکات و دواتر ئەوانى لێ ئاگادار بکەنەوە کە چەند شەهیدیان لەو سنوورە هەیە، بۆ ئەوەى بڕیارەکە بیانگرێتەوە".
ئەو زەوییانەى دابەشدەکرێن، دەدرێنە کەسوکارى شەهیدانى شەڕى داعش و رووبەرەکەى 200 مەترە.
محەممەد کاکەیی دەڵێ: "نووسراو بۆ وەزارەتى پێشمەرگە دەکات بۆ ئەوەى ئەو هەنگاوە دەستپێبکات و نووسراو بۆ دەزگاى شەهیدانى عێراق بکات."
ساڵى 2014، چەکدارانى داعش شارى موسڵى ناوەندى پارێزگاى نەوینەوایان کۆنترۆڵکرد، دوای سێ ساڵ و لە ساڵى 2017 شارەکە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانى عێراق و پێشمەرگە لە دەستى ئەو گرووپە دەرهێنرا.
ئەو بڕیارە کارمەندانى هێزە ئەمنییەکان دەگرێتەوە کە لە شەڕى داعش لە 2014 تاوەکو 2017 شەهید بوون. محەممەد کاکەیی گوتى: "بڕیارەکە وایە کە بە ریزبەندیى رۆژى شەهید بوون ئەو زەوییانە دابەش دەکرێن، تاوەکو کەسەکە زووتر شەهید بووبێت، لە ریزبەندى پێشەوە دەبێت بۆ سوودمەند بوون لە زەوى."