2000 سەربازی سووری لە ئەنبارەوە بەرەو وڵاتەکەیان بەڕێکران
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو هەزار سەربازی سووری کە هاتبوونە عێراق و لە کەمپێکی پارێزگای ئەنبار نیشتەجێکرابوون، بۆ وڵاتەکەیان بە ڕێکران.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ زیاتر لە 2000 هەزار سەربازی سووری لەو کەمپەی تێیدا نیشتەجێ کرابوون لە قەزای رووتبە بۆ دەروازەی سنووری قائیم بەڕێکران، تاوەکو بگەڕێنەوە سووریا. دوێنێش نزیکەی 35 کارمەندی گومرگی سووریا گەڕانەوە.
رۆژی سێشەممە 17-12-2024، ئەو سەربازە سووریاییانە خۆپێشاندانیان کرد و داوایان کرد بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، نزیکەی 135 سەربازێکی سووری ماون و نایەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
کەمپەکە دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی سەربازیی مورەسەنات، کە 70 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای رووتبە و چوارڕیانی ترێبیل و تەنەف دوورە.
سەرچاوەکە دووپاتیکردەوە، ئەو سەربازانە لە کەمپەکەی رووتبە بەرەو قائیم بەڕێکراون و لە رێگەدان، نێوانی رووتبە و قائیمیش 300 کلیۆمەترە تاوەکو دەگەنە دەروازی سنووری قائیم.
لەوبارەوە، تورکی محەممەد خەڵەف، قایمقامی قائیم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ ئەو سەربازانە بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەیان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە قائیم.
رۆژی 7-12-2024، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو "ئەمڕۆ نزیکەی 2,000 سەربازی سوپای سووریا پەنایان بۆ سنوورەکانی عێراق هێناوە و بە رەزامەندیی ئێمە، لە سنوورەکان هاتوونەتە نێو خاکی عێراقەوە".
عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا هەیە.
هۆڕڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو لە سنووری روتبەوە زانیاری لەبارەی گەڕانەوەی سەربازە سووریاییەکان دەدات: