گوتەبێژی کۆمیسیۆن: 69 سکاڵا لەسەر دەنگدان تۆمارکراون و هیچیان سوور نین

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەو سکاڵایانەی لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تۆمارکراون نەگەیشتوونەتە ئاستی رەنگی سوور و 69 سکاڵاش تۆمار کراون، دەشڵێت، "شەش سکاڵا لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت."
 
رۆژی سێشەممە، 19-12-2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "سکاڵاکان لە دەنگدانی گشتی و تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق گەیشتووەتە 69 سکاڵا، 54 سکاڵایان لە دەنگدانی گشتی و 15 سکاڵایان لە دەنگدانی تایبەت کراون."
 
سەبارەت بە جۆری سکاڵاکانیش گوتی: "ئەو سکاڵایانەی زەردن 43 سکاڵا بوون و ئەوانیش کە سەوزن 20 سکاڵا بوون و شەش سکاڵاش لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، هیچ سکاڵایەک نەگەیشتووەتە ئاستی رەنگی سوور کە مەترسیی لەسەر گۆڕینی ئەنجامەکان هەبێت."
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جۆری سکاڵاکانیشی بەپێی رەنگەکان شیکردەوە و گوتی: "ئەو سکاڵایانەی کە رەنگی زەردن کاریگەرییان لەسەر ئەنجامەکانی دەنگدان نابێت و بە ئەگەری زۆرەوە رەتدەکرێنەوە، چونکە یان بەبێ بەڵگە پێشکێشکراون یان  پێچەوانەی لۆژیک و ئەو مەرجانەیە کە دانراون بۆ سکاڵاکردن."
 
سەبارەت بە سکاڵاکانی رەنگ سەوزیش، گوتی: "ئەو سکاڵایانەی رەنگی سەوزیان هەیە بەهۆی ئەو پێشێلکارییانەوە تۆماردەکرێن کە لەلایەن کارمەندانی کۆمیسیۆنەوە کراون یان لەلایەن بریکاری هێز و لایەنە سیاسییەکان، یان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کراون، بەگشتی ئەوانەش کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی دەنگدان نابێت و پێویستی بە لێکۆڵینەوە و سزادانی ئەو کەسانەیە کە کەمتەرخەمبوون."
 
رۆژی دووشەممە، 18-12-2023، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی 15 پارێزگای عێراق بەڕێوەچوو، لە کۆی 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس کە بۆیان هەبووە دەنگبدەن لە هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەت گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 599 هەزار و 668 کەس، بەو پێیە کۆی رێژەی دەنگدانی گشتی و تایبەت 41٪ بوون.
 
هەر بە پێی ئەو ژمارانە لە دەنگدانی گشتی لە کۆی 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەر، 5 ملیۆن و 892 هەزار و 963 دەنگدەر دەنگیانداوە و رێژەی دەنگدان 39٪ بووە.
 
هەرچی دەنگدانی تایبەتە(هێزە سەربازییەکان و ئاوارەکان): لەکۆی 1 ملیۆن و 50 هەزار و 653 دەنگدەر 706 هەزار و 705 کەس دەنگیانداوە، واتە رێژەی بەشداریی لە دەنگدان 67٪ بووە.