رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کورد لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین نزیکەی 13 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە. لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیش دەڵێت "یەکێتی و پارتی چاویان لە دەرچوونی بەربژێرێکیانە، بەڵام مسۆگەریان نەکردووە."
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە سێ لیستی جیاواز بەربژێری هەیە، بە دەنگدانی گشتی و تایبەتەوە، 11 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش نزیکەی 1500 دەنگ و حیزبی شیوعی کوردستانیش 600-650 دەنگ.
لە پارێزگای سەلاحەدین، هیچکام لە حیزبە کوردستانییەکان لیستیان نەبوو و سەرجەمیان بەربژێریان لە لیستە عەرەبییەکاندا هەبوو. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سێ لیست و پارتی لە لیستێک و شیوعی لە لیستێکی عەرەبی بەربژێریان هەیە.
سێشەممە، 19-12-2023 کەریم شوکر، پەرلەمانتار و لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیستی ئەلجەماهیرلوەتەنی لە پارێزگای سەلاحەدین، دوو کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگا مسۆگەر کردووە و، رەنگە سێیەمیش بباتەوە، ئەگەر سێیەم بباتەوە بەربژێری یەکێتییە. پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەربژێرێکی لە لیستی حەسمی وەتەنی هەیە، ئەوانیش کورسییەکیان مسۆگەر کردووە و لە ئەگەری بردنی کورسیی دووەم، ژنە بەربژێرێکی پارتی دەیباتەوە.
رۆژی دووشەممە، 18-12-2023، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی 15 پارێزگای عێراق بەڕێوەچوو، لە کۆی 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس کە بۆیان هەبووە دەنگبدەن لە هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەت، ژمارەی دەنگدەرەکان گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 599 هەزار و 668 کەس، بەوپێیە کۆی رێژەی دەنگدانی گشتی و تایبەت 41٪ بووە.
هەر بەپێی ئەو ژمارانە لە دەنگدانی گشتی لە کۆی 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەر، 5 ملیۆن و 892 هەزار و 963 دەنگدەر دەنگیانداوە و رێژەی دەنگدان 39٪ بووە. هەرچی دەنگدانی تایبەتە (هێزە سەربازییەکان و ئاوارەکان)؛ لەکۆی ملیۆنێک و 50 هەزار و 653 دەنگدەر، 706 هەزار و 705 کەس دەنگیانداوە، واتە رێژەی دەنگدان 67٪ بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ