بەرەی تورکمانی داوای کورسییەکی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی سکاڵایەکی بەرەی تورکمانی لەسەر محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە کە داوای کورسییەک لە پەرلەمان دەکات کە بە قسەی ئەوان، دراوەتە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. پەرلەمانتارەکەی یەکێتیش دەڵێت، "لە بازنەکەمان ژنێک بە دەنگی خۆی سەرکەوتووە و کورسیی دیکە نادرێت بە کۆتای ژن، بۆیە سکاڵاکە هیچ ناگۆڕێت."
بەگوێرەی خشتەى کۆبوونەوەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، بڕیارە رۆژی دووشەممە 19-12-2022، دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی سکاڵایەکی برسن جیهاد محەممەد، سەرۆکی پێشووی لیستی بەرەی تورکمانی لە پارێزگای سلێمانی لەسەر محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە، کە لە سکاڵانامەکەدا داوا دەکات کۆتایی بە ئەندامێتیی کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بهێندرێت و کورسییەکە بدرێت بە ئەو کە "مافی کۆتای ژنان و ئەوە."
رۆژی یەکشەممە، 18-12-2022، برسن جیهاد، سەرۆکی پێشووری لیستی بەرەی تورکمانی لە بازنەی پێنجی پارێزگای سلێمانی کە ناوچەکانی گەرمیان دەگرێتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەو بازنەیەی ئێمە ژنێک کە سروە محەممەد، پەرلەمانتاری ئێستای یەکێتییە بە دەنگی خۆی سەرکەوت، بەڵام کۆتای ژن نەبووە و کورسییەکە دراوەتە کاروان یاروەیس. مافی منە ئەو کورسییە ببەمەوە، چونکە مافی کۆتایە و منیش نزیکەی 500 دەنگم هێناوە، بۆیە ئەوە ناهەقییەکە کراوە و لە رێگەی پارێزەرەکەمەوە داوای ئەو مافەم دەکەمەوە و ئومێدم بە دادگە هەیە مافم بۆ بگەڕێنێتەوە."
برسن جیهاد، کە دانیشتووی شاری کفرییە، تاکە بەربژیری بەرەی تورکمانی بوو لە بازنەی سلێمانی و دەڵێت، "پشتیوان بە خوا دادگە بڕیاری یەکلاییکەرەوە لە بەرژەوەندیی من دەدات، چونکە لە کشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدریش ژمارەیەک ئافرەت بە کۆتا سەرکەوتن و منیش دڵنیام کە کورسییەکە بەدەست دەهێنم."
بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021، بازنەی پێنجی پارێزگای سلێمانی هەریەک لە قەزاکانی کەلار، کفری، دەربەندیخان، چەمچەماڵ و ناحیەکانی مەیدان، باوەنوور، رزگاری، سەرقەڵا، شۆڕش، تەکیە، ئاغجەلەر پێکهاتبوو.
لە بازنەی پێنجی پارێزگای سلێمانی 250 هەزار و 763 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، 15 کەس بەربژێربوون بۆ بردنەوەی 4 کورسی پەرلەمانی عێراق، لەو بازنەیە ئەم پەرلەمانتارانە بۆ پەرلەمانی عێراق سەرکەوتن:
- موەفەق حوسێن (نەوەی نوێ)
- شوان محەممەد (پارتی)
- سروە محەممەد (یەکێتی)
- کاروان یاروەیس (یەکێتی)
کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە 7504 دەنگی بەدەستهێناوە، رۆژی یەکشەممە، 18-12-2022، لەبارەی سکاڵاکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشتر 24 کەیسی هاوشێوە لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە یەکلاییکراونەتەوە و سکاڵاکان کە لە سەرۆکی پەرلەمان دەکرێت لە بەرژەوەندیی پەرلەمانتارانی ئێستا یەکلایی بووەتەوە."
گوتیشی، "لەم بازنەیەی ئێمە ژنێک بە دەنگی خۆی سەرکەوتووە، ئیدی پێویست ناکات کۆتا سەربخرێت، بۆیە دڵنیام کە وەکو خۆی دەمێنێتەوە و کورسییەکەم لەدەست نادەم."
رۆژی 10ـی ئۆکتۆبەری 2021، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەیەک هاوپەیمانێتیدا بوون بەناوی هاوپەیمانی کوردستان و 18 کورسییان بردەوە کە سەرجەمیان بەر یەکێتیی کەوتن.