رووداو - هەولێر
رۆژنامەڤان سوهێر قەیسی، لەبارەی ئاوارەکان و رووماڵکردنی بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان رەخنەی تووند دەگرێت و دەڵێت "بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان بازرگانی بە ئاوارەکان دەکەن".
سوهێر قەیسی، نێردەی هاوبەشی رێکخراوی خۆراکی جیهانی و راگەیاندنکاری عێراقی لە توویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر نووسیویەتی، کاتێک کەرامەتی ئاوارە و پەنابەرەکان برینداردەکرێت، ئەوە جێی قبوڵکردن نییە و ئەو کەرامەت بریندارکردنەی ئاوارەکانیش لەلایەن بەشێک لە میدیا عەرەبی و جیهانییەکان لەسەر حیسابی خۆناساندنی خۆیانە.
رۆژنامەڤان سوهێر قەیسی ئاماژە بەوەش دەکات "بەشێکی میدیا عەرەبییەکان بازرگانی و جوانکاری بە ئاوارە و پەنابەرەکاندا دەکەن و ئەدایان لەسەر ئەرزی واقیع هیچ نییە، بۆیە دەبێت ئەو میدیا عەرەبییانە راستگۆیی خۆیان لەبەرامبەر ئاوارەکاندا بسەلمێنن".
لەبارەی ئاوارەکانی کامپەکانیش قەیسی دەڵێت "زۆربەی ئەو ئاوارانەی من سەردانیانم کردووە متمانەیان بەسەردانی دەزگا میدیاییە عەرەبییەکان نەماوە و ئاوارەکان پێیان گوتم، ئەوان تەنیا وێنەمان دەگرن بێ ئەوەی هیچ کارێکمان بۆ بکەن و دەنگمان بگەیێینن".
لە کۆتایی قسەکانیشدا، نێردەی هاوبەشی رێکخراوی خۆراکی جیهانی و راگەیاندنکاری عێراقی دەڵێت" ئەرکی منە کە راستگۆیی و روونکردنەوەی راستەوخۆ لەو بارەیە بدەم لەبارەی میدیا عەرەبییەکان، چونکە خۆنمایشکردن لەسەر پشتی ئاوارە و لێقەومان هێڵی سوورە".
پێداچوونەوە: راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ