سەدر بۆ حکومەت: گرنگە سەرژمێرییەکى دوور لە دەستوەردانى حیزبى بکرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

موقتەدا سەدر داوا لە حکومەتی عێراق دەکات سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان بەبێ دەستوەردانى حیزبى و دەرەکى بێت، لەگەڵ پەرلەمانیش یاسایەک بۆ رێگرى لە هاوردەکردن لەو وڵاتانەوە دەربکەن کە پاڵپشتیکاری ئیسرائیلن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 19ى تشرینى دووەم موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتى نیشتمانیى شیعە لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکى بڵاوکردەوە لەبارەى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان و، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەى بە پاڵپشتیکاری ئیسرائیل ناوى بردوون.
 
سەدر داواى لە حکومەتى عێراق کردووە سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان بێگەردانە، شەفافانە و بێ دەستوەردانى دەرەکى و حیزبى بکات.
 
سەدر باس لەوە دەکات، پێویستە حکومەت هەوڵی تەواو بدات بۆئەوەی خەڵک زانیاریى دروست بۆ دەرکەوتنى راستییەکان بدات و دەڵێت، "کەسانێک هەن دەیانەوێت ئەو زانیارییانە بشێوێنن."
 
سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رۆژانى 20 و 21ى تشرینى دووەم بەڕێوەدەچێت.
 
بەشێکى دیکەى پەیامەکەى سەدر تایبەتە بە ئیسرائیل و تێیدا داوا لە حکومەت و پەرلەمان دەکات کار لەسەر دەرکردنى یاسایەک بکەن بۆ ئەوەى رێگرى لە هاوردەکردن بکرێت لە هەندێک لەو وڵاتانەوەی کە پاڵپشتیکارى ئیسرائیلن، بەتایبەت ئەوانەى بە چەک پاڵپشتی دەکەن، بەو مەرجەى ئەو هەنگاوە زیان بە ئابووریى عێراق نەگەیێنێت.
 
سەرۆکى رەوتى نیشتمانیى شیعە دەڵێت، "ئەوە کەمترین هەنگاوە کە لایەنە عێراقییە پەیوەندارەکان بیکەن، وەک وەفایەک بۆ گەلى فەلەستین و لوبنان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە