پێشنیازکراوە تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق شەش مانگ درێژبکرێتەوە

19-11-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن کۆمیسیۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەوەیە بتوانێت سەرپەرشتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات. دەشڵێت بە زووترین کات هەمواری یاساکە پەسند دەکرێت و رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار دەکرێت بۆ ئەوەی کۆمیسیۆنەکە نەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 19-11-2023، عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو درێژکردنەوەیە لەپێناو ئەوەیە کۆمیسیۆن هیچ کێشەیەکی یاسایی بۆ نەیەتە پێشەوە و بتوانێت کارەکانی تاوەکو پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تەواو بکات".
 
عارف حەمامی گوتی، "ئەو پێشنیازەیاسایەی هەیە دەتوانرێت بۆ جارێکی دیکەش لەسەر داوای ئەنجوومەنی کۆمیسیاران درێژبکرێتەوە، بەڵام دەبێت بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان پەسند بکرێت".
 
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد، بەزووترین کات ئەو پێشنیازەیاسایە پەسند دەکەن و گوتی، "دەمانەوێت پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی کۆمیسیۆن، پشتیوانی یاسایی بۆ درێژکردنەوەی وادەکەیمان تەواو کردبێت".
 
پێشنیازەیاسای هەمووارکردنەوەی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە لەبەردەستی ئەندامانی پەرلەمانی عێراقە، لە دوو مادە پێکدێت:
 
مادەی یەکەم: بڕگەی یەکەمی مادەی حەوت لادەدەرێت و ئەمەی خوارەوە شوێنەکەی دەگرێتەوە:
 
شەشەم: تەمەنی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ خولی ئێستا 54 مانگ دەبێت، لە رۆژی دەرچوونی دەرچوونی مەرسوومی کۆماری یان تاوەکو پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی عێراق/خولی شەشەم. دەکرێت ئەو ماوەیەش لەسەر پێشنیازی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ پەرلەمان درێژبکرێتەوە، بەڵام ئەو درێژکردنەوەیە لەسەر رەزامەندی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان دەبێت."
 
مادەی دوو: بڕگەیەکی نوێ بۆ مادەی 13 لە یاساکە زیاد دەکرێت و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
 
پێنجەم: لەسەر وەزارەت و لایەنە ناپەیوەستەکان بە وەزارەت، پلە و تەرخانکراوی دارایی بۆ ئەو کەسانەی حکومەکانی بڕگەی سێیەمی ئەم مادەیە دەیانگرێتەوە ئەگەر بڕیاریاندا لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دابمەزرێندرێن.
 
لەبارەی هۆکارە پێویستییەکانی دەرچوونی ئەو یاسایەوە هاتووە "بۆ پاراستنی کاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوەکو ئەو کاتەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ناڕێکخراو لە هەرێمێکدا و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی عێراق و چارەسەرکردنی دۆخە یاساییەکانی ئەندامانی ئێستا تاوەکو کاتیان تەواو دەبێت."
 
بەپێی مەرسوومی کۆماریی یەک، کە لە رۆژی 7ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری ئەو کاتی عێراقەوە دەرچووە، ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە 9 کەس پێکدێن؛ بەو پێیە رۆژی 7ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2024 ماوەی یاسایی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی ئێستا بەسەردەچێت.
 
ئەوە لە کاتێکدایە بڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و 25ـی شوباتی ساڵی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێن، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کوردستانیش وادەی یاسایی کۆتایی هاتووە و بە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی کارەکانی راگیراوە، بۆیە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی باڵای عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە دەکات. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە